کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی حیزبی دیمۆکرات بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد

16:06 - 20 سەرماوەز 2721

لە بەرەبەری ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شار و ناوچەکانی کوردستان بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و بڵاوکردنەوەی تراکت و پوستێری تایبەت بەو ڕۆژە، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد و خۆشەویستی و ئەمەگناسیی خۆیان دووپات کردەوە.

تیکۆشەرانی دێموکرات لە بۆکان لە ناوچەی ''کانی ڕەش و تەرەغە'' بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگە، ئاڵای پیرۆزی کوردستان و لۆگۆی حیزبی دێموکراتیان هەڵ کرد و تراکتی حیزبییان بڵاو کردەوە کە خۆشحاڵیی خەڵکی بەدواوە بووە.

لە شاری گوێکتەپەی سەر بە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، ڕۆڵە بەجەرگەکانی دێموکرات زۆربەی کۆڵان و شەقامەکانی ئەو شارەیان بە تراکت و پوستێری تایبەت بە ٢٦ی سەرماوەز ڕازندەوە و پیشوازییان لە ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان کرد و وەفادارییان بە پێشمەرگە دووپات کردەوە.

هاوکات ڕۆڵە قارەمانەکانی دێموکرات لە ورمێ لە پردی قۆیۆن، پردی هەوایی ئابیاری، بامی ورمێ و جادەکانی بەند و هەروەها گوندەکانی ''بالوو، دزەی سیاوش و بەندێ''، بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی بە دوژمنانی گەلیان سەلماند کە کوردستان پشتیوانی پێشمەرگەیە و پێشمەرگە لەنێو دڵی خەڵکدایە.

هەر بەو بۆنەوە لە شاری شنۆ لە گەڕکەکانی ڕەحیم ئاباد، شارەکی فەرهەنگیان، گەڕەکی کانی گڕاوە و ڕەحیمزادە، لەلایەن پێشمەرگەکانی شارەوە بە شێوەیەکی بەربڵاو تراکتی تایبەت بە ٢٦ی سەرماوەز بڵاو کرایەوە و ڕۆژی پێشمەرگەیان بەرز نرخاند.

هەروەها لە شاری پیرانشار، ئەندامانی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات بە دەیان تراکت و پوستێری تایبەت بە ٢٦ی سەرماوەزیان بڵاو کردەوە و ناوی پیرۆزی پێشمەرگەیان بەرز نرخاند.