کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵوێزی ئەفغانستان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بانگ کرا

13:28 - 25 جۆزەردان 2720

لەدوای کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەفغانستان لە بەرانبەر باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە کابۆل و هەندێک لە شارەکانی دیکەی ئەفغانستان، وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران سەفیری ئەفغانستانی لە تاران بۆ لێپێچینەوە بانگ کرد.

ڕۆژی شەممە ٢٤ی جۆزەردان، وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە کاردانەوە بەرانبەر بە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەفغانستان، "عەبدولغەفوور لیوال" باڵوێزی ئەفغانستانی لە تاران بۆ لێپێچینەوە بانگ کرد.

پاش ئامادەبوونی باڵوێزی ئەفغانستان لە وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، "ڕەسوول مووسەوی" بەڕێوبەری گشتیی ئاسیای ڕۆژئاوای وەزارەتی دەرەوە، خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئەفغانستانی "هەوڵگەلی هەڵە" ناو لێ بردووە و سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەو خۆپیشاندانانە لەسەر پەیوەندیی دراوسێیایەتیی ئەو دوو وڵاتە نیگەرانیی دەربڕیوە.

لە بەرانبەردا، "مریەم سەما" ئەندامی مەجلیسی نوێنەرانی ئەفغانستان، ڕۆژی شەممە ٢٤ی جۆزەردان، لە تویتێکدا بەنیسبەت بانگهێشتکردنی باڵوێزی ئەفغانستان کاردانەوەی توندی نیشان دا.

"سەما" لە تویتەکەیدا نووسیویەتی: "خەڵکی ئێمە دەخنکێنن و دەیانسووتێنن، ئێستاش وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ڕووهەڵماڵاوییەوە باڵوێزی ئێمە بەهۆی خۆپیشاندانەکانی خەڵکەکەمان بەرانبەر بەو جینایەت و کوشتارە بانگ کردووە؛ ئەمەیە کردەوەی وڵاتی دراوسێ و موسڵمان، پڕڕوویی بەوە دەڵێن. شەرمە بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێمە کە بەنیسبەت ئەو بابەتەوە بێدەنگ بێت. ئیمە ئەو جینایەتە لەبیر ناکەین، وەزارەتی دەرەوە وڵامدەر بە".

ڕێژیمی ئێران ماوەیەکە کە بەرانبەر بە کرێکاران و خەڵکی ئەفغانی توندوتیژی نیشان دەدات و لە دوو ڕووداوی دڵتەزێندا ژمارەیەک لە خەڵکی ئەفغانستانی لە ئاودا خنکاند و بە تەقەکردنی لە ماشینێکیان ژمارەیەکی دیکەیانی بە زیندوویی لە ئاگردا سووتاند.