کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵوێزی ئەمریکا لە ئیسراییل: گەڵاڵەی هێرش بۆسەر رێژیمی ئێران ئامادەیە

23:58 - 28 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: باڵوێزی ئەمریکا لە ئیسراییل وێڕای پێداگری لەسەر چارەسەر کردنی ئاشتیخوازانەی بەرنامەی ناوکیی ئێران، گوتی، گەلاڵەی هێرشی نیزامی بۆ ئێران بە تەواوی ئامادە کراوە.
بەگوێرەی راپۆرتی رادیۆ فەردا، دان شاپیرۆ، باڵوێزی ئەمریکا لە ئیسراییل لە وتووێژیکدا لەگەڵ رادیۆ ئەرتشی ئیسراییل گوتی: ئێستا رێکاری نیزامی لەبەر دەستدا نییە، بەڵام دەکرێ بەڕێوە بچێت و بەرنامەڕێژیی تەواو لەمەڕ متمانەی لە هەموو بوارەکاندا دابین کراوە.
ئەمریکا و ئیسراییل بەردەوام رایگەیاندووە، لەمەڕ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ بەرزەفڕییە ناوکییەکانی رێژیمی ئێران، رێکاری نیزامی لەبەر چاو دەگرن داوایان لە تاران کردووە لە پێوەندیی لەگەڵ بەرنامەکەی متمانەسازی بکات.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی رۆیتیرز، بە بڕوای راڤەکارانی سیاسی، تەنیا ئەمریکا دەتوانێت بە کەڵک وەرگرتن لە توانا نیزامییەکانی خۆی خەساری جیدی لە دامەزراوە ناوکییەکانی رێژیمی ئێران بدات.
بەپێی ئەم راپۆرتە، دان شاپیرۆ لە مانگی ژانوویە بە رۆژنامەیەکی ئیسراییلیی گوتبوو، بە تەواوی توانای جێبەجێ کردنی رێکاری نیزامیمان هەیە و دەسەلات بە سەرکۆمار دراوە هەتا بڕیار بدا و کەڵکی لێ وەربگرێت.

راگەیەنەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران