کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵوێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە لەندەن، پاریس و بێرلین بانگهێشت کران

11:40 - 3 رەزبەر 2720

بەهۆی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە و گوێنەدانی کاربەدەستانی هێزی دادوەریی ڕێژیم بە دۆخی مافی مرۆڤ سێ وڵاتی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان باڵوێزەکانی ڕێژیمی ئێرانیان بانگهێشت کردووە.

بانگهێشتی باڵوێزەکانی ڕێژیم لەو وڵاتانە بەهۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێرانەوە بووە.

لەو پێوەندییەدا چەند ڕۆژ پێش  ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بانگەوازێکدا، ڕایگەیاندووە حەیدەر قوربانی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، لە ئەگەری ئێعدام دایە و داوای لە بەرپرسی هێزی دادوەریی کردووە کە دەبێت دەسبەجێ بڕیاری جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ڕابگرن.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە هەروەها لە درێژەدا، ڕایگەیاندووە: "بەرپرسی هێزی دادوەری دەبێت دەسبەجێ بڕیاری جێبەجێکردنی حوکمی لە سێدارەدانی حەیدەر قوربانی ڕابگرێت و وێڕای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدام، دەسپێڕاگەیشتنی ناوبراو بە بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی دووبارەی دادپەروەرانە، گارانتی بکەن".

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بەشێوەیەکی بەرین و بەربڵاو خەڵک و بەتایبەت نەتەوە غەیرە فارسەکان سەرکوت دەکات.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام داوا لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەکەن کۆتایی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بێنێت بەڵام ئەو داواکارییە وڵامی پێ نەدراوەتەوە.