کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵوێزخانەی ئامریکا لە بەغدا کارەکانی خۆی هەڵپەسارد

11:08 - 12 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: دوای ئەوەی کە لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە بەغدا گەمارۆی باڵوێزخانەی ئامریكایان دا، باڵوێزخانەی ئامریکا سەرجەم کاروبارەکانی ڕاگرت و بۆ کاتێکی دیکەی ڕاگواست.

باڵوێزخانەی ئامریکا لە بەغدا ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی بەفرانبار، ڕایگەیاند کە بەهۆی هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، هەموو کاروبار و چلاکییەکانی خۆی هەتا کاتێکی دیکە ڕادەگرێت.

باڵوێزخانەی ئامریکا لە بەیانییەیەکدا بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر بینای ئەو باڵوێزخانەیە، هەموو چالاکییە کونسولییەکان هەتا کاتێکی دیکە ڕادەگیرێت و داوا لە شارومەندانی ئامریکایی کراوە کە نزیکی ئەو باڵوێزخانەیە نەبنەوە.

ئامریکا داوای لە شارومەندانی خۆی کردووە کە ئەگەر پێویست بوو سەردانی کونسولگەریی ئامریکا لە هەوڵێر بکەن، کۆنسوڵی گشتیی ئامریکا لە هەوڵێر کاروباری ویزا و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییانی ئامریکایی ڕادەپەڕێنێت.

هەروەها، وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداریی دایە هاووڵاتییانی و داوای لێکردوون سەردانی عێراق نەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریكا، میلیشیاکانی عێراق بە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندیی وڵاتان زانیوە.