کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"بایدن" بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە "سووریە، عێراق و ئەفغانستان" قەدەغە دەكات

12:11 - 20 رەشەمه 2720

"جۆ بایدن" سەرکۆماری ئامریكا ڕایگەیاندووە، بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، بۆ ئەنجامدانی هێرش لە دەرەوەی ناوچەكانی شەڕ لە "سووریه، عێراق و ئەفغانستان" قەدەغەیە.

فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان چەندین تایبەتمەندییان هەیە و بۆ كاری نیزامی و شارستانییەتیش بەكار دەهێنرێن.

لە ماوەی ڕابردوودا، ئەمریكا بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی لەو وڵاتانەی کە بە ڕێژەیەكی سنووردار هێزی هەیە، بە تەواوی پشتی بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەستووە و سەدان هێرشی لە ڕێگای ئەو فڕۆكانەوە ئەنجام داوە.

سەرەڕای گرینگی و توانایی ئەم فڕۆكانە، "جۆ بایدن" بڕیاری داوە و وتوویەتی: "سنوور بۆ بەکارهێنانی ئەو فڕۆکانە لە عێراق، سووریه و ئەفغانستان دادەنێت".

ئەو هەوڵەی "بایدن" بەپێچەوانەی گەڵاڵەکەی "دانڵد ترامپ" سەرکۆماری پێشووی ئامریکایه كە بە شێوەیەکی بەربڵاو ڕێگای بە ئەنجامدانی هێرشە ئاسمانییەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دابوو.

"جان كێربی" وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئامریكا ڕایگەیاندووە: "لەمەوبەدواوە هەر جۆرە پلانێک بۆ هێرشکردن لە دژی گرووپە توندڕەوەکان لە عێراق، سووریە و ئەفغانستان کە لە ڕێگای فڕۆكە بێفڕۆكەوانەوە دادەڕێژرێت، دەبێ لە كۆشكی سپی پەسند بكرێت".