کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بایدن: هێرشی ئامریکا بۆ سەر میلیشیاکان لە سووریە بۆ بەرگری لە خۆمان بووە

11:30 - 10 رەشەمه 2720

"جۆ بایدن" سەرکۆماری ئامریکا لە نامەیەکدا بۆ کۆنگرەی ئامریکا نووسیویەتی: "فەرمانی من بۆ هێرشکردن بۆ سەر میلیشیاکان کە لەلایەن ئێرانەوه پشتیوانییان لێ دەکرێت، تەنیا بۆ بەرگری لە خۆمان بووە".

"بایدن" ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٧ی ڕەشەمە فەرمانی هێرشکردن بۆ سەر میلیشیاکان کە لەلایەن ئێرانەوه پشتیوانییان لێ دەکرێت، بە ئەرتشی ئامریکا دا.

وەزارەتی بەرگریی ئامریکا ڕایگەیاندووە: "لەو هێرشەدا چەندین دامەزراوەی ئەو میلیشیایانە کە لە یەک شوێندا بوون، لەلایەن ئەرتشی ئامریکاوە بۆردومان کراون".

بەپێی زانیارییەکانی "پێنتاگۆن"، ژمارەیەک لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران وەک "کەتائیبی حیزبوڵڵا و کەتائیبی سەیەدولشوهەدا" لەو بنکانە کەڵکیان وەردەگرت.

"جۆ بایدن" لەو نامەیەدا بۆ ڕێبەرانی کۆنگرە نووسیویەتی: "هێرشە نیزامییەکەی ئامریکا بە بڕیاری من بووە بۆ پاراستنی پێرسۆنێل و شەریکەکانمان لەهەمبەر هێرشەکانی ئێستا و داهاتووی ئێران و ئەو هێرشە به مافی یاسایی خۆمان دەزانین".

"جۆ بایدن" پێشتر هۆشداریی بە ئێران دابوو کە هێرشکردن بۆ سەر بنکەکانی ئامریکا بێ وڵام نامێنیتەوە.

هەر لەوبارەیەوە "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتن لەگەڵ "فواد حوسێن" وەزیری کاروباری دەرەوەی عێراق لە تاران، هێرشەکانی ئامریکا بۆ سەر گرووپە شیعەکانی سەر بە ئێرانی "مەترسیدار" لە قەڵەم دا.