کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بایدن: هێزەکانی ئامریکا بۆ بەرگری لە عەمەلیاتی دوژمنانەی ڕێژیمی ئێران، لە عەرەبستان جێگیر کراون

11:20 - 17 سەرماوەز 2721

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٦ی سەرماوەز "جۆ بایدن" سەرکۆماری ئامریکا سەبارەت بە جیگیربوونی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە شوێنە جیاجیاکانی جیهاندا ڕاپۆرتێکی ڕادەستی کۆنگرەی ئامریکا کرد.

لەو ڕاپۆرتەدا باسی لە چۆنیەتیی جێگیربوونی هێزەکانی ئامریکا لە "عێراق، سووریە، ئۆردۆن، عەرەبستان، تورکیە، ئەفغانستان، ڕۆژهەڵاتی ئافریقا و فلیپین" کردووە.

"بایدن" سەبارەت بە بوونی هێزەکانی ئامریکا لە عەرەبستان وتوویەتی: "ئێمە ئەو هێزە نیزامییەمان بۆ بەرگیری لە هێز و بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ناوچە، لەهەمبەر هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران و ئەو گرووپانەی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت جێگیر کردووە".

"بایدن" ڕاشکاوانە وتوویەتی، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی پاشایەتیی عەرەبستان توانایی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکیی خۆمان لە ناوچەدا بەهێز کردووە و لە عەمەلیاتی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئامریکا لە ناوچەدا پشتیوانی دەکەن.

 لە ئێستادا دوو هەزار و ١٢٠ کەس لە هێزە نیزامییەکانی ئامریکا لە چوارچێوەی دەسەڵاتی پاشایەتیی عەرەبستاندا جێگیرن و بەشێکی کەم لە هێزەکانی ئەو وڵاتە بۆ عەمەلیات، دژی گرووپی "ئەلقاعیدە و داعش" لە عەرەبستان و یەمەن تەرخان کراون.