کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بایدن: هەوڵەکانی ئێران بە تایبەت هێرشە دڕۆنییەکانی وڵام دەدەینەوە

16:59 - 10 خەزەڵوەر 2721

''جۆ بایدن'' سەرکۆماری ئامریکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران یەک لەوان هێرشی دڕۆنیی ئەو ڕێژیمە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئامریکا وڵام دەدەنەوە.

سەرکۆماری ئامریکا ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خەزەڵوەر، پاش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی گرووپی ٢٠ لە ڕۆم، لە وتووێژێکدا بە هەواڵدەرییەکانی ڕاگەیاند کە وتووێژە ناوکییەکان بۆ بووژانەوەی بەرجام بە کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران و ویستی وڵاتانی هاوپەیمان لە ناوچەکە و جیهاندا گرێ دراوە.

ناوبراو لە درێژەدا وتی: "ئەگەر ڕێژیمی ئێران نەگەڕێتەوە سەر وتووێژەکانی ڤییەن، ئەوە ئێران ڕووبەڕووی خەسارێکی گەورەی ئابووریی دەبێتەوە".

هێرشی دڕۆنی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئامریکا لەلایەن گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە نێونەتەوییەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئێران بۆ درێژەی وتوویژەکانی ڤییەن.

هەر لەو پەیوەندییەدا ''ئانتۆنی بلینکێن'' وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خەزەڵوەر لەهەمبەر هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکەی هێزەکانی ئامریکا لە سووریە وتی: ''جۆ بایدن، لە هەوڵدایە لە کات و شوێنی گونجاودا بڕیارێکی بە بڕشتانە بە ئامانجی پێشگرتن لەم چەشنە هێرشانەی ڕێژیمی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە دەر بکات''.