کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بایکۆت سەر کەوت

11:13 - 3 رەشەمه 2719

یازدەیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەڕێوە چوو و دەنگی بایکۆت لە کوردستان و ئێران دەنگی یەکەم بوو.

 لە کوردستان ڕێژەی بەشداریی خەڵک بۆ دەنگدان لە ئاستێکی زۆر کەمدا بووە، بە جۆرێک لە هەندێک لە گوندەکانی کوردستان دەنگ بە هیچ بەربژێرێکی ڕێژیمی ئێران نەدراوە.

لە شارەکان، ئاستی بەشداری بە ڕێژەیەک کەم بووە کە ڕێژیم داوای لە خەڵک کردووە کە بێ ناسنامەی وێنەداریش دەتوانن بێن دەنگ بدەن.

ڕێژەی بەشداریش لە سنه هەتا ئاستێک کەم بووە کە پاسداری تێرۆریست "سادق حوسێنی"، فه‌رماندەی سپای ڕێژیم لە سنه وتوویەتی، دەبێ سه‌ربازه‌کان ناسنامه‌کانیان بێنن بزانین ده‌نگیان داوه یان نا.

ڕێژیمی ئێران هەموو هەوڵێکی خۆی دا هەتا خەڵک بێنە سەر سەندووقەکانی دەنگدان، بەڵام هەوڵەکانی شکستی خوارد.

لە دوایین ساتەکانی کۆتایی دەنگداندا ڕێژیم بۆ ئەوەیکە خەڵک بێن دەنگ بدەن بەردەوام ماوەی دەنگدانی درێژ دەکردەوە.

ڕێژیمی ئێران لە هەندێک لە شارەکانی کوردستان خاڵی پشکنینیان دانابوو و داوایان لە خەڵک دەکرد دەبێ بێن دەنگ بدەن.

ژمارەیەک لە بەربژێرەکان بۆ ئەوەی خەڵک بێن و دەنگیان پێ بدەن، بە نێو بازاڕ و گوندەکاندا گەڕاون و داوایان لە خەڵک کردووە بێنە سەر سەندووقەکانی دەنگدان.

بڕیاری "بایکۆت" لە کوردستان دەنگی یەکەم بووە و ڕێژیم دیسانەوە بۆی دەرکەوت کە لە کوردستان هیچ کات ڕەوایی نەبووە.