د. ڕۆژان ئاشتاب
بایکۆت ، ئەو وشەیە لە ناوی Charles Boycott پیاوێکی خاوەن زەوی وزاری ئینگلیسی- ئیرلەندی لە سەدەی نوزدەدا بوو کە رازی نەبوو ئیجارە وکرێی وەرزێڕان کەم بکاتەوە، وەرگیراوە .
بایکۆت بە فارسی و عەربی بە واتای "تحریم" و بە کوردیش بە مانای بهشداری نەکردن و ڕاوهستان لە کڕینی کەلوپەل و یان خزمەتگوزاری کۆمپانیایەک یان دەوڵەتێک بە مەبەستی ناڕەزایی و پڕۆتستۆکردنە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران پاش چل ساڵ ماڵوێرانی و کاول کردنی وڵات، بە ھەموو شێوازەکان پێشێلکردنی مافی مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتی و نەتەوایەتی گەلان، ئێستا بۆ ڕەواییدان بە زوڵم وزۆرداری لە پاش خوڵقاندی دەیان کارەساتی مرۆڤی وەک بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی وڵات بۆ پشتیوانی لە تێروریزمی جیھانی و شەڕ و ئاژاوەنانەوە لە ناوچەی رۆژھەڵاتی نێوەڕاست و بەفیڕۆدانی بودجە وپارەی خەڵکی ھەژار و زەحمەتکێش بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، بۆتە بەڵایەکی ماڵوێرانکەر لە سەر گەلانی وەزاڵەھاتووی ئێران، کە بەم ئاکارانەی خۆی، خۆی لە گەڵ ھەموو گەلان و دەوڵەتانی مودێڕن و پێشکەوتوو و سەردەمیانە دوور خستۆتەوە و لە گەڵ ھیچ یەک لە پڕەنسیپ و نۆڕمەکانی نێونەتەوایەتی یەک ناگرێتەوە و لە ژیانی سیاسی خۆیدا ھیچ باوەڕێکی بە ھەڵبژاردن و دەنگی خەڵک نەبووە و نییە.
ئیستا لە سەردەمی قەیرانی ڕەوایی تەواودایە و بۆ درێژەپێدانی تەمەنی خۆی و بەردەوام بوون لە تاوانی مرۆڤایەتی دەستی بە شانۆگەری ھەڵبژاردن بۆ خولی یازدەھەمی مەجلیسی بە ناو شورای ئیسلامی کردووە و بە یارمەتی بەکرێگیراوانی خۆی لە سەرانسەری ئێران بە کوردستانیشەوە خەریکی گەرم کردنی تەندوورە بێ تینەکەیەتی بە درۆ و دەلەسەی فێڵکردن لە خەڵک ئاوردووی بۆ کۆ دەکاتەوە.
شایانی ئاماژە پێکردنە، خولی ئەم جارەی ھەڵبژاردن بۆ مەجلیس لە کاتێکی زۆر ھەستیاردا بەڕێوەدەچێ و کەسانێکی نائاگاە لە ھەموو شارەکانی ئێران خۆیان ناونووسی کردووە بۆ بوون بە نوێنەری مەجلیس، بەڵام کەشی سیاسی لە ئێران و ڕاپەڕینی خەڵک لەم چەند مانگەی دواییدا لە سەرانسەری وڵات کە درێژەی ئەو ناڕەزایەتیانەی گەلانی ئێران لە پاش ھاتنە سەرکاری رەژیمی فاشیستی ئیسلامی ولایەتی فقیە لە ئارا دایە، تایبەتمەندی زۆری بە ھەڵبژاردنی ئەم جارەی مەجلیس داوە.
لە کەس شاراوە نییە ، کە گەلی کورد بە گشتی و بە تایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ھەر پاش ھاتنەسەرکاری ئەم رێژیمە "نا"یان بە تەواوییەتی ئەم ڕێژیمە گوت و جگە لە یەکەمین خولی ھەڵبژاردن لە پاش رووخانی نیزامی پاشایەتی کە لە کەشێکی شۆڕشگێڕیدا بەڕێوەچوو ، ھەموو شانۆگەری ھەڵبژاردنی ئێرانیان بایکۆت و رەد کردووەتەوە.
ھێزە سیاسییەکانی کوردستان لەمە تێگەیشتبوون کە ڕێژیم جگە لە برسییەتی و گەندەڵی و شەڕ و ماڵوێرانی ھیچی دیکەی بۆ خەڵکی کورد پێ نییە. ماوەی چل ساڵە ئێران کەوتووەتە دەستی تاقمێکی دز و گەندەڵی بێ توانا لە بەڕێوەبردنی وڵات کە ئێران بەرەو کارەساتی مرۆڤی دەبەن.
ھەموو کەس باش دەزانێ، خۆپاڵاوتن و دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی بەڕێوەبەری و یاسادانانی سیستمی سیاسی وڵات مافێکی سیاسی و حقوقیی ھەر کەسێکە لە وڵاتیکی دێموکراتیکدا، بەڵام دەنگدان لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەنگدانە بە بیمافی خۆت و کۆیلەبوونی خۆت.
خۆپاڵاوتن بۆ نوێنەرایەتی لە مەجلیسی ئێران، خۆفریودان و خۆڵ لەچاوی خەڵک کردنە وھیچ پاساوێک ھەڵناگرێ و دەچێتە خانەی خیانەت کردن بە گەل و نیشتمان چونکە ھیچ کەس لە ڕێژیمی ویلایەتی فەقی ھیچی لە دەست نایە ، تەنیا دەست بەرزکردنەوە بۆ یاسا دژەمرۆڤانەکانی کۆماری ئیسلامی و دزی و خۆدەوڵەمەندکردنە، ھەر بۆیە رۆژێک دادێ لە بەر دەرگای گەل و شۆڕشدا وەڵامدەر بن.
دەنگدان بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری و گەندەڵی ئێران ھەمان ئەو رێژیمە کە جیھادی ئیسلامی لە دژی گەلی کورد دا، جیھادێک کە تا ئێستاش ھەر بەردەوامە و ئاکامەکەی شەھید بوون و ئاوارە و زیندانی بوونی ھەزاران ڕۆڵەی نیشتمانی لێکەوتەوە.
ڕێژیمێک کە ھیچ مافێکی ئینسانی بۆ تاک دانانێ و ماوەی چل ساڵە لە ھەوڵی وێرانکردنی زمان و فەرھەنگی تۆیە ، بێکاری و پەرەپێدانی ماددەی ھۆشبەر لە نێو خێزان و کۆمەڵگا بە دیاری بۆ هاووڵاتییان ھێناوە ، ڕێژیمێک کە لە بیری گۆڕانی دێموگرافیای کوردستان و کاولکردن و بە تاڵانبردنی ئابووری وسەروەت وسامانی کوردە شایانی بەشداری کردنی لە ھەڵبژاردن چ بە خۆپاڵاوتن و چ بە دەنگدان نییە.
بەشداریکردن لە ھەڵبژاردن، خزمهتی خۆت و نیشتمان و نەتەوەکەت ناكا و لە بەرانبەر نەوەکانی داھاتووی کوردستان و مێژوودا بەرپرسیاری و خراپت لەسەری دەشکێتەوە، جا باشترە ھەموومان پێکەوە بایکۆتی شانۆگەری ھەڵبژاردن لە ئێران بکەین بۆ ئەوی ویژدانی خۆمان ئاسوودە بکەین .
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.