
نرخی دۆلاری ئامریکا لە بازاڕی دراوی ئێران دووبارە ڕێکۆردێکی نوێی تۆمار کرد و ڕۆژی دووشەممە ١٥ی سەرماوەز، نرخی هەر یەک دۆلار لە سنووری ٣١ هەزار تمەن تێپەڕی.
دوای شکستهێنانی دانوستانەکانی ڤییەن و زێدەخوازییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ڕۆژبەڕۆژ بایەخی پارەی ئێران دادەبەزێت.
هەروەها نرخی دراوەکانی تر لە بازاڕە نافەرمییەکانی ئێران هەڵکشاون و باس لەوەش دەکرێت کە کڕین و فرۆشتنی دراوە بیانییەکان لە هەندێک لە سەڕافییەکان بەهۆی ناسەقامگیری لە بازاڕی دراو، ئەنجام ناگرێت.
لە سەرەتای هاتنە سەر کاری ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' هەتا ئێستا، هەر ڕۆژە و دۆلار نرخێکی نوێ تۆمار دەکات و ڕێکۆردی ساڵی ١٤٠٠ دەشکێنێت.
لەژێر سێبەری دەسەڵاتداریەتیی ڕێژیمی ئاخوندی، ڕۆژبەڕۆژ پارەی ئێران بێنرختر دەبێت و گرانی و هەژاری زۆرتر لە هەمیشە تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە.