کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

براوەکانی خەڵاتی نۆبێل، خوازیارن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوە بۆ کوشتارەکانی ساڵی ٦٧ پێک بێنێ

17:34 - 19 خەرمانان 2721

٢٥ کەس لە براوەکانی خەلاتی نۆبێل، لە نامەیەکدا بۆ "ئانتۆنیۆ گۆتریش" سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەگرتووەکان، لەسەر پێویستیی پێکهێنانی کۆمیسیونی نێودەوڵەتی، لێکۆڵینەوەی ڕێکخراوی نەتەوەیەگرتووەکان، بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی قوربانییانی هاوینی ٦٧ جەختییان کردووەتەوە.

لەو نامەیەدا ڕێبەرانی ئێستای ڕێژیمی ئێران، لەوانە "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێران و "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، بەهۆی دەستێدابوونی ڕاستەوخۆ لە کوشتاری ساڵی ١٣٦٧دا تاوانبار کراون.

ئەو براوەنەی خەڵاتی نۆبێل هۆشدارییان داوە، کە لە بەدوادانەچوونی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، کوشتاری بەکۆمەڵ و جینایەتی دژە مرۆڤانە لە ئێران، درێژەی دەبێت.

لە درێژەدا نووسیویانە، ئیمە براوەکانی خەڵاتی نۆبێل، کە ئەو نامەیەمان واژۆ کردووە، لە ٣٣هەمین ساڵڕۆژی ئەو جینایەتەدا خۆمان بە هاوخەمی بنەماڵەی قوربانییانی ئەو جینایەتە دەزانین.

 هەروەها ٣٣ ساڵ لەوە پێش "خومەینی"، دامەزرێنەری دیکتاتۆری ئایینی لە ئێران، فتوایەکی بە خەتی خۆی بەڕێ کرد کە لەودا وتبووی: "هەموو زیندانییانی وەفادار بە موجاهیدینی خەڵق، دژبەری خودا بە ئەژمار دێن و لە دوای قۆناغی بەندیخانە دەبێ لە سێدارە بدرێن".

بەپێی ئەو فتوایە ٣٣ هەزار بەندی لە داوی لێکۆڵینەوەی دوو یان سێ خوولەکی لەلایەن "کۆمیتەی مەرگ" لەسێدارە دران.

پتر لە ٩٠ لەسەدی لەسێدارە دراوان لایەنگر و ئەندامانی موجاهدینی خەڵق بوونه و ئەندامانی کۆمیتە کە چوار کەس بوون، هێندێکییان لە بەرپرسانی باڵای ڕێژیم پێک هاتبوون کە "ئیبراهیم ڕەئیسی" یەکێک لەو کەسانە بووه.