کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

براوەکانی خەڵاتی نۆبێل داوای گوشار بۆ سەر ڕێژیمی ئێران دەکەن

18:56 - 3 خاکەلێوه 2720

٢١ کەس لە براوەکانی خەڵاتی نۆبێل لە نامەیەکدا داوایان لە سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە کە بەنیسبەت بارودۆخی نالەباری زیندانییانی سیاسی لە ئێران گوشار بخاتە سەر ڕێژیمی ئێران.

٢١ کەس لە براوەکانی خەڵاتی نۆبێل داوایان لە ''ئانتۆنی گۆترێش''، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە کە دەبێ پێش لە کارەساتێکی گەورەی مرۆڤی بگیردرێت و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و تەندروستیی جیهانی بۆ ڕزگارکردنی گیانی زیندانییە سیاسییەکان هەوڵی جیددی بدات.

ئەو براوانەی خەڵاتی نۆبێل باسیان لەوە کردووە، دیکتاتۆریی زاڵ بەسەر ئێراندا بە ئامانجی سیاسی، خەڵکیان بۆ ساڵڕۆژی ٥٧ هێناوەتە سەر شەقام و بە نهێنیکارییەکانیان و شاردنەوەی ڕاستییەکان لە خەڵک بوونەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.هههژ

لەو پەیامەدا هاتووە، بە وتەی پسپۆڕان ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا شاری قوم بووە و بەهۆی  سیاسەتە چەوتەکانیان قەرەنتینە نەکراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا باسیان لەوە کردووە کە تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێراندا بووەتە هۆی تووشبوون و گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەو وڵاتە و تەنانەت پزیشک و پەرستارێکی زۆریش تووشی ئەو ڤایرۆسە بوونە.

لە بەشێک لەو نامەیەدا هاتووە کە بارودۆخی زیندانییانی سیاسی لە ئێران نالەبار و مەترسیدارە کە ئێستا هەندێک لەو زیندانییانە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە.