کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

براوەی خەڵاتی كێبڕکێی نێونەتەوەیی بیرکاری مێشک ڕەخنەی لە بەرپرسان گرت

12:31 - 2 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: ئەو کچە کوردەی کە لە كێبڕکێی نێونەتەوەیی بیرکاری مێشکدا توانی پلەی یەکەم بەدەست بێنێت، ڕەخنەی لە بەرپرسان گرت؛ به وتەی ئەم کچە کوردە هیچ ناوەند و ڕێکخراوێک لە بواری ماڵییەوە پشتیوانی لێ نەکردووە.

کێبڕکێیە جیهانییەکانی " بیرکاریی مێشک" بۆ ساڵی ٢٠١٨ به بەشداریی ٧٣٣ منداڵ له ٢٤ وڵاتی جیهانەوە لە شاری کوالالامپووری مالزی بەڕێوەچوو که لەم نێوانەدا، ڕۆنیا حوسێن زادە، تەمەن ٩ ساڵ و خەڵکی شاری بانە، توانی خەڵاتی ئەم کێبڕکێیە بە دەست بێنێت.

به وتەی ڕۆنیا، ئەو توانیویە به سەر ڕەقیبەکانی خۆی لە وڵاتانی تایوان، مالزی، هێند، چین، کورەی باشوور، عەرەبستان، ئوسترالیا ، ئامریکا ، کانادا و میسردا سەرکەوێت و ئەم خەڵاتە جیهانیە بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

ڕۆنیا لە وتووێژێکدا لە گەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی تەسنیم ڕایگەیاندووە که: هیچ ناوەند و ڕێکخراو و بەرپرسێک لە بواری ماڵییەوە پشتیوانییان لێ نەکردووە و هەموو تێچووەکان لە لایەن بنەماڵەیەوە دابین کراون.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هیچ ئاوڕێک لە کەسانی بلیمەت لە ئێراندا نادەنەوە، کە ئەمە بە شێوەیەکی تایبەت بۆ نەتەوەی کورد ڕوو دەدات؛ ڕێژیمی ئێران لە زۆربەی بوارەکاندا بلیمەتە کوردەکانی لە پەراوێز خستووە و  ڕێ لە پیشکەوتنیان دەگرێت، هەر بۆیە کۆچ کردنی لاوان و بلیمەتەکان بۆ وڵاتانی دیکە لە ئێراندا زیادی کردووە.