کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برایان هووک: ئامریکا، وڵاتانی کڕیاری نەوتی ئێران تەحریم دەکات

16:58 - 7 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: "برایان هووک"، نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە کاروباری ئێران، وتی کە ئامریکا هەر وڵاتێک کە هەوڵی کڕینی نەوت لە ڕێژیمی ئێران بدات، تەحریم دەکات.

"برایان هووک"، نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە کاروباری ئێران، هەروەها وتوویەتی کە لە ئێستادا هیچ لێبووردنێک لە گەمارۆکانی دژ بە کڕینی نەوتی ئێران بە وڵاتان نەدراوە و کڕیارانی نەوتی ئێران، لە لایەن ئامریکاوە تەحریم دەکرێن.

نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە کاروباری ئێراندا، بە ئاماژەدان بە بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتگەلێک لەبارەی گەیشتنی بارێکی یەک ملیۆن بەرمیلیی نەوتی ئێران بە چین، وتی کە ئامریکا سەرقاڵی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم ڕاپۆرتانەیە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دوای چوونە دەرەوە لە بەرجام، لە دوو نۆرەدا، گەمارۆکانی بە دژی ئێران گەڕاندەوە. تەحریمی نەوتی ئێران، لەم تەحریمانە بوو.

ئامریکا ڕایگەیاندووە کە ئامانجی کۆتایی لە تەحریمی نەوتی ئێران، گەیاندنی داهاتی هەناردەی نەوتی ئێرانە بە سیفر. هەروەها بۆ پاراستنی بازاڕ، بە ماوەی چەند مانگ، ئیجازەی بە هەندێک وڵات دا کە لە ڕێژیمی ئێران نەوت بکڕن.

هەروەها کۆشکی سپی پێشتر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە لەگەڵ عەرەبستان و ئیماراتدا، بۆ دابینکردنی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا، هەوڵ دەدات.

ڕێژیمی ئێران، لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوودا، پێش لە هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجامدا، نزیک بە ٢.٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕۆژدا هەناردە دەکرد، کە ئێستا بۆ کەمتر لە ٣٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا دابەزیوە.