کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برایان هووک: باندێکی مافیای ئایینی و ڕێژیمێکی دزسالار لە ئێراندا دەسەڵاتدارن

14:05 - 5 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: برایان هووک، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بۆ کاروباری ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاندووە کە باندێکی مافیای ئایینی و ڕێژیمێکی دزسالار لە ئێراندا دەسەڵاتدارن.

ڕۆژی چوارشەممە ٤ی بانەمەڕ، برایان هووک، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ کاروباری ڕێژیمی ئێران، لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ "فاکس نیوز"ـی ئامریکا، وێڕای ئاماژەدان بە سەرکوتەکانی ڕێژیمی ئێران لە نێوخۆی ئەو وڵاتە، ڕایگەیاند: ئەگەر چاو لێ بکەین دەبینین کە هەموو ئێرانییەکان لە سەرانسەری جیهاندا و لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران سەرکەوتوون و سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە، بەڵام لە نێوخۆی وڵاتی خۆیان واتە ئێران، هیچ سەرکەوتنێکیان نییە و سەرکەوتنیان نابیندرێ.

برایان هووک، هۆکاری ناسەرکەوتوویی خەڵکانی ئێرانی، بۆ شێوەی دەسەڵاتدارییەتی گەندڵ و مافیایی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە وەسف کرد و وتی: "باندێکی مافیایی و دزسالار بە سەر خەڵکی ئەو وڵاتەدا دەسەڵاتدار و حوکمڕانی دەکەن، ئەوانەش خەڵکی خۆیان بە شێوەیەکی دڕندانە تاڵان دەکەن (سەرکوتکردن و چەوساندنەوە بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە)، تاکوو پاڵپشتی دارایی لە گرووپە تێرۆریستییەکانی خۆیان لە سەرانسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن کە هەر له لوبنانەوە بگرە تاکوو سووریە، عێراق، یەمەن و بەحرەین بڵاوەیان پێکراوە بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و هەروەها خەڵکی ئێران دەیانهەوێت کۆتایی بەو بارودۆخە لە وڵاتی ئێراندا بهێنن".

نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بۆ کاروباری ڕێژیمی ئێران، لە بەشێکی تری قسەکانیدا، وتوویەتی: "گەمارۆکانی ئامریکا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج تاکوو ئەو ڕێژیمە واز لە سیاسەتە ئاژاوەگێڕانەکانی لە سەرانسەری ناوچە و تەنانەت جیهانیشدا بهێنێت و ئێستاش دوو بژاردە دەخەینە بەر دەستی ئێران، یان دەبێت لە خۆیدا ئاڵوگۆڕ پێک بهێنێت و وەکوو وڵاتێکی ئاسایی درێژە بە ژیانی بدات یان دەبێت داڕمانی خراپتر لە ئاستی هەڵوەشانەوەی ئابووریی خۆی ببینێت.

ئەو بەرپرسەی ئامریکا لە کۆتاییشدا ڕایگەیاندووە ئەو دوو خاڵە کە ئاماژەیان پێ کرا، ڕێژیمی ئێران دەتوانێت یەکیان هەڵبژێرێت. ئەمە بەهایەکە، کە دەبێت ئەو ڕێژیمە بۆ ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکاری لە خۆیدا وەکوو ڕێژیمێکی بێپڕەنسیپ و پێشێلکاری یاسا نێونەتەوەییەکان، بیدات.

نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بۆ کاروباری ڕێژیمی ئێران، پێشتریش لە چەند وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییەکانی ئەو وڵاتە، ئەو دوو خاڵەی بۆ ڕێژیمی ئێران دیاری کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە ئەو ڕێژیمە ناچارە یەکیان هەڵبژێرێت.