کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برایان هووک: هەر وڵاتێک نەوتی ئێران بکڕێت، لە لایەن ئامریکاوە سزا دەدرێت

16:04 - 10 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ئامریکا لێخۆشبوون لە بواری کڕینی نەوتی ئێران نوێ ناکاتەوە و هەر وڵاتێکیش نەوتی ئێران بکڕێت، سزا دەدرێت.

برایان هووک، نوێنەری تایبەتی ئامریکا بۆ کاروباری ڕیژیمی ئێران، ڕۆژی هەینی ١٠ی جۆزەردان، لە بارەی لێخۆشبوونی هەندێک لە هاوردەکەرانی نەوتی ئێران ڕایگەیاند: "ئەگەر هەر وڵاتێک هەتا ڕادەی دیاریکراوی ئامریکا نەوتی لە ئێران هاوردە نەکردبێت، ئەوا لەگەڵ گەمارۆوەکانی ئامریکا ڕووبەڕوو دەبێتەوە".

نوێنەری تایبەتی ئامریکا بۆ کاروباری ڕێژیمی ئێران، لە بەشێكی قسەکانیدا ڕایگەیاندبوو: کە  سیاسەتەکانی ئامریکا ڕوونە و ئەویش بە سفرگەیاندنی کڕینی نەوتی ڕێژیمی ئێرانە.

قسەکانی برایان هووک لە کاتێکدایە، کە ڕۆژنامەی وال ستریت ژۆرناڵ ڕایگەیاندبوو، لەوانەیە ئامریکا ئیزن بە هەندێک لە وڵاتەکان وەک: هیند و چین بدات کە درێژە بە کڕینی نەوتی ڕێژیمی ئێران بدات، بەڵام  برایان هووک ئەم هەواڵەی ڕەت کردەوە و وتوویەتی: کە لێخۆشبوون لە وڵاتەکان کۆتایی هاتووە.

ئامریکا لە نوامبری ساڵی ڕابردوودا، کە خولی دووهەمی گەمارۆوەکان دەستی پێ کرد، لێخۆشبوونێکی شەش مانگەی بۆ هەشت کڕیاری سەرەکیی نەوت و گازی ئێران واتە: چین، هیندوستان، کورەی باشوور، ژاپۆن، تورکیه، تایوان، ئیتالیا و یوونانی دیاری کرد.