کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برایان هووک: ڕێژیمی ئێران مافیایەکی ئایینیی گەندەڵ و دزسالارە

11:03 - 19 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە کاروباری ئێراندا باسی لە درێژەپێدانی گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران کردووە و ئەو ڕێژیمەی بە مافیایەکی ئایینی و دزسالار ناو لێبردووە.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی بانەمەڕ، "برایان هووک"، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە کاروباری ئێراندا، باسی لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی "ترامپ" بەنیسبەت ڕێژیمی ئیرانەوە کرد و وتی: "ڕێژیمی ئێران مافیایەکی ئایینیی گەندەڵ و سیستمێکی دزسالارە و خەڵکەکەی خۆی تووشی هەژاری کردووە".

"هووک" باسی لەوە کردووە، کە بەپێی ڕاپرسییەک کە لە سالی ٢٠١٨دا کراوە، نیشانی داوە کە ٢ لەسەر ٣ی خەڵکی ئێران سەرکۆمار و ڕێبەریی ڕێژیمی ئێران، بەهۆی کێشە ئابوورییەکانەوە سەرزەنشت دەکەن و تەنیا ١ لەسەر٣ی خەڵک هۆکاری ئەو دۆخەیان بۆ گەمارۆوەکان گەڕاندووەتەوە و حەق بە خەڵکە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە درێژەدان بە گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئیران کردووە و ئاماژەی بە قسەکانی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، "مایک پۆمپێئۆ"، کردووە کە وتوویەتی: "ئێران یان وەک وڵاتێکی ئاسایی هەڵسوکەوت دەکات یان شایەتی هەڵپرژانی ئابووری دەبێت".

هەروەها "برایان هووک" لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە ئابووریی ئێران لە قەیراندایە و لە مەندیی ئابووریدان و ئاماژەی بەوە کرد، کە سندووقی نێونەتەوەیی پارە لە بەراوردی پێشووی خۆیدا گەشەی ئابووریی ئێرانی لە مەنفیی ٣ لەسەدەوە گۆڕیوە بۆ مەنفیی ٦ لەسەد.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، "محەمەدجەواد زەریف"، بەنیسبەت پێشێلکردنی بەشێک لە بەندەکانی بەرجام وتوویەتی کە ئەو هەوڵانەی ڕێژیم بە مانای هاتنەدەرەوە لە بەرجام نییە و ئێران لەسەرڕێککەوتنی ناوکی پابەند دەمێنێتەوە.

ئەم قسانەی زەریف لە حاڵێکدایە کە ڕیککەوتننامەی ناوکی، ڕێژەی ڕێگەپێدراوی پیتاندنی ئۆرانیۆمی ٣.٦٧ لەسەد دیاری کردووە کە پیتاندنی ئۆرانیۆم زیاتر لە ئاستی دیاریکراو، بە واتای چوونەدەرەوەی یەکجاریی ئێران لە بەرجام دێتە هەژمار.