کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برایان هووک: کۆماری ئیسلامی دوژمنی هاوبەشی وڵاتانی ناوچەیە

11:49 - 28 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی کارگرووپی کاروباری ئێران، لە وتووێژێکدا باسی لەوە کردووە، که گرینگترین دەسکەوتی کۆبوونەوەی وەزیران لە وەرشۆ پتەوبوونی پێوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیلە.

برایان هووک، بەرپرسی کارگرووپی کاروباری ئێران، لە لێدوانێکدا باسی لەوە کردووە، که هاوکاریی عەرەبەکان و ئیسرائیل سەبارەت بە ڕێژیمی ئێران دڵخۆشکەرە و دەتوانێت بەستێنی هاوکاری لە بوارەکانی دیکەشدا بڕەخسێنێت. ناوبراو هەروەها وتوویەتی: وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل له بەرگری لە بەرانبەر هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا، به شێوەی هاوبەش، توانایییەکانی خۆیان خستووەتە گەڕ.

هووک هەروەها ڕایگەیاندووە: نیگەرانیی هاوبەشی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی لە هەمبەر ڕێژیمی ئێران بۆ نیگەرانییە ئەمنییەتییەکان دەگەڕێتەوە. وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل دوژمنێکی هاوبەش به ناوی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان هەیە.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە سەبارەت به تێپەڕین لە قەیرانی فلستین بەڕێوە چووە، وەزیری دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و هەروەها دانڵد ترامپ، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان به هەڕەشە و نیگەرانییەکی هاوبەش پێناسە کردووە. لەم کۆبوونەوەیەدا، وڵاتانی عەرەبی به شێوازێکی توند سەبارەت به ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لێدوانیان داوە.

خالد بێن ئەحمەد، وەزیری دەرەوەی بەحرین، کۆماری ئیسلامیی ئێران، به گەورەترین کێشە لە مێژووی هاوچەرخی وڵاتانی عەرەبیدا و هەروەها به "حکوومەتی نێئۆفاشیست" ناو بردووە، که لەمپەرێکی گەورە بۆ کۆتاییهاتنی قەیرانی نێوان فلستین و ئیسرائیلە.

 ناوبراو لەم لێدوانەدا وتوویەتی: "ئەگەر پارە پیسەکان، چەکوچۆڵ و سەربازەکانی ڕێژیمی ئێران نەبوایه، ئێمە زۆر له چارەسەریی کێشەکانمان نزیک دەبووینەوە".