کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برایان هووک: ئێران لە ڕێگای حیزبوڵڵاوە خەڵکی لوبنانی زەرەرمەند کردووە

12:36 - 21 پووشپەڕ 2720

نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بۆ کاروباری ئێران، باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای حیزبوڵڵاوە خەڵکی لوبنانی زەرەرمەند کردووە.

"برایان هووک" نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕۆژی هەینی ٢٠ی پووشپەڕ، ڕایگەیاندووە کە تاران لە ڕێگای حیزبوڵڵای لوبنانەوە خەڵکی لوبنانی زیانبار کردووە و هەروەها وتوویەتی کە ڕێژیمی تاران هەڕەشە ناوچەییەکانی زۆرتر کردووەتەوە.

ناوبراو بە بەڵێنییەوە ڕایگەیاندووە کە هەوڵی پێویست بۆ درێژەپێدانی گەمارۆی چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران ئەنجام دەدات.

حیزبوڵڵای لوبنان لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و زۆربەی وڵاتانی دیکەوە وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناسراوە و ئەمە بووەتە هۆکار تا زۆربەی وڵاتەکان پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ لوبنان کەم و سنووردار بکەنەوە.

"هووک" لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا وتوویەتی: "ڕێژیمی ئێران لەگەڵ قەیرانی ڕەوایەتی بەرەوڕوویە. ئەو ڕێژیمە هەزار و ٥٠٠ کەس لە خەڵکی ئەو وڵاتەی تەنیا لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەردا کوشتووە و نزیکەی ٨ هەزار کەسی دەسبەسەر کردووە. ئەمە هەوڵێکی سەرکوتکارانەی بەربڵاوە".

ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای حیزبوڵڵای لوبنانەوە کە ڕێکخراوێکی بەربڵاوی تێرۆریستیی ژێرسێبەری ڕێژیمی ئێرانە، هەوڵی تێرۆریستی و تێکدەرانە لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها وڵاتانی ئورووپاییدا ئەنجام دەدات.