کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برایان هووک: ئێمە دەمانویست ڕێژەی کڕینی نەوتی ئێران بە سفر بگەیەنین

11:04 - 18 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی گرووپی تایبەتی هەنگاو لە دژی ڕێژیمی ئێران، لە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، داوای لە وڵاتانی کڕیاری نەوتی ئێران کرد، کە چیدیکە نەوت لەو ڕێژیمە نەکڕن.

برایان هووک، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کاناڵی "ئێن.ئێچ،کەی" ژاپۆن، کە لە ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی ڕێبەندان بڵاو کرایەوە، داوای لەو وڵاتانە کرد، کە لە لایەن ئامریکاوە ڕێگایان پێ دراوە نەوتی ڕێژیمی ئێران بکڕن، چیدیکە نەوت لەم ڕێژیمە نەکڕن.

 بەرپرسی گرووپی تایبەتی هەنگاو لە دژی ڕێژیمی ئێران، لە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا وتبووی: "ئەوەی کە ئێمە ڕامانگەیاند، ڕێگایەک بوو بۆ بە سفرگەیاندنی هەناردەی نەوتی ڕێژیمی ئێران بە خێراترین کات. ئێمە ڕازی نین بە ئاوارتەکردن یاخود بەخشینی هەندێک وڵات لە سزای گەمارۆوەکان لە داهاتوودا، جا چ ئەو گەمارۆیانە لە بارەی نەوت بێت یان هەر بابەتێکی دیکە".

ئەم بەرپرسەی دەوڵەتی ئامریکا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پێدانی ئیزنی کڕینی نەوتی ڕێژیمی ئێران بە هەندێک لە وڵاتەکان تەنیا لەبەر پێشگرتن لە بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهاندا بووە و لە ئێستادا وا دەردەکەوێت کە بەپێی پێویست نەوتی خاو لە بازاڕدا هەیە.

لەدوای دەستپێکردنی خولی دووهەمی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، بە مەبەستی پێشگرتن لە بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهاندا، ئامریکا ئیزنی بە حەوت وڵاتی کڕیاری نەوتی ئێران دا، کە هەتا مانگی گوڵانی ساڵی داهاتوو نەوت لە ڕێژیمی ئێران بکڕن.

لەگەڵ پێدانی ئیزنی کڕینی نەوتی ڕێژیمی ئێران بەو حەوت وڵاتە، تەنیا وڵاتی تورکیە لە ئێستادا نەوت لە ڕێژیمی ئێران دەکڕێت و بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران لە دانیشتنێکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەسەر ئەو ڕاستییەکردووەتەوە و ڕایگەیاند: "لە کۆی وڵاتانی ئورووپاییدا، تەنیا تورکیە نەوت لە ئێران دەکڕێت و هیچ وڵاتێک بۆ ئێمە لەخۆبردووی ناکات".