کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برایان هووک: ئەگەر ڕێژیمی ئێران هێرش بکات، ئامریکا بەتوندی بەرپەرچی دەداتەوە

11:39 - 3 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕاوێژکاری باڵای سیاسەتگوزاریی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاند: کە ئامریکا لە هێرشکردنە سەر ڕێژیمی ئێران، دەسپێشخەر نابێت.

"برایان هووک"، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە کاروباری ئێراندا و ڕاوێژکاری باڵای سیاسەتگوزاریی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، وتی: "ئامریکا، کەرەستە و هێزی نیزامیی خۆی ناردووە ناوچەکە، تاکوو بتوانێت لە خۆی بەرگری بکات".

هەروەها ناوبراو ڕایگەیاند: "ئێمە بە هیچ شێوازێک هێرشی نیزامی ناکەینە سەر ئێران مەگەر ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران هێرشی نیزامی بکاتە سەر ئێمە".

برایان هووک، لە درێژەدا وتی: "ئێمە بۆمبهاوێژی بی ٥٢، فڕۆکەی شەڕکەری ئێف ٣٥ و هەروەها کۆمەڵێک کەرەستەی ناسێنەرمان جێگیر کردووە، تاکوو ئەوەی لە دەستمان دێت بۆ پێشگرتن بە ڕێژیمی ئێران و ئەو هێرشانەی کە نیگەرانی بووین، ئەنجامی بدەین. هەروەها هێشتاش هێرش نەکراوەتە سەر ئەو خاڵانەی کە چاوەڕێی بووین".

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا، ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای میلیشیا چەکدارەکانی خۆیەوە، هێرشی کردبووە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی وڵاتی عەرەبستان و چوار کەشتیی بازرگانیی لە ئاوەکانی بەندەری "فەجیرە" لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیدا، کە لە لایەن زۆرێک لە وڵاتانی جیهانەوە کاردانەوەی توندیان لێ کەوتەوە.

هەروەها، "قاسم سلێمانی"، فەرماندەی لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە دیدارێکدا لەگەڵ میلیشیا چەکدارەکانی خۆی لە وڵاتی عێراقدا، داوای لێ کردوون کە خۆیان بۆ شەڕی بریکاریی ئامادە بکەن.