کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برایان هوک، بە وردی چاوەدێری ڕووداوە سیاسییەکانی ناوخۆی ئێران دەکەین

16:54 - 28 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری تایبەت بە کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێمە بە وردبینییەوە ئاگامان لە ڕووداوە سیاسییەکانی ناوخۆی ئێران هەیە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە نوێنەری خەڵکی ئێران نازانین.

برایان هوک، نوێنەری تایبەت بە کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە نوێترین پەیامی ڤیدیۆی خۆیدا کە ڕۆژی دووشەممە ۲۸ی خەزەڵوەر بەرانبەر بە ۱۹ی نۆڤامبر، بڵاوی کردووەتەوە ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە وردی چاوەدێری ڕووداوە سیاسییەکانی ناوخۆی ئێران دەکات و درێژەی مانگرتنی چینە چیاوازەکانی خەڵکانی ئێران بە شێوەیەکی تر لە ناڕەزایەتییە گشتییەکانی کۆمەڵگای ئەو وڵاتە پێناسە دەکات.

برایان هوک، لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا ئاماژەی بە ناڕەزایەتی و مانگرتنەکانی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگای ئێران کرد و وتی: "ئێمە بە وردی ڕووداوەکانی ناوخۆی ئێران چاوەدێری دەکەین و لە سەرجەم مانگرتنەکانی مامۆستایان و کامیوندارانی ئەو وڵاتە ئاگادارین".

هەروەها لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چوار دەهەی ڕابردوودا بە شێوەی بەردەوام پێگەکانی خۆی لە ناو خەڵکانی ئەو وڵاتە لە دەست دەدات و ئەو ڕەوتەش درێژەیشی هەیە، بە باوەڕی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خەڵکی ئێران سەرەکی ترین قوربانی سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن.

ناوبراو پاڵپشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لە خەڵکی ناڕازی ئێران بەرانبەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند و وتی: "حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاڵپشتی لە ناڕەزایەتییە بەرینەکانی خەڵکانی دانیشتووی ئێران و هەروەها هەوڵ و تێکۆشانی خەڵکی ناڕازی ئەوڵاتە بۆ پێکهێنانی گۆڕانکاری سیاسی لە وڵاتەکەیان دەکات".

نوێنەری تایبەت بە کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، وێڕای ئیدانە کردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە، وتیشی: "ئێمە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران لە لایەن کۆماری ئیسلامی و شێوەکانی ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو حکوومەتە لەگەڵ دەژبەران و ناڕازییانی خۆی ئیدانە دەکەین و ئەو ڕێژیمە بە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی ئێران نازانین".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا ڕایشیگەیاند، واشنگتۆن ڕایدەگەیەنێت کە کۆماری ئیسلامی دەبێت گۆڕانکاری لە هەلسوکەوتەکانی خۆی پێک بهێنێت و دەست لە پاڵپشتی کردنی گرووپەکانی حیماس، حیزبوڵڵا، چەکدارە حوسییەکان و هەروەها حکوومەتی بەشار ئەسەد، هەڵبگرێت و واز لەو کردەوانەی بهێنێت.