کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"برایان هوک" کاناڵی دەنگی ئامریکای بە دەنگی ئاخوندەکان شوبهاندووە

12:29 - 10 جۆزەردان 2720

"برایان هوک" نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە کاروباری ئێران وتوویەتی، کاناڵی دەنگی ئامریکا لە ساڵی ڕابردوو زیاترلە ١٧ ملیۆن دۆلار بودجەی وەرگرتووە، بەڵام زۆرتر وەکوو دەنگی مەلاکانە لە ئێراندا.

''برایان هوک'' لە بابەتێک لە ڕۆژنامەی ''نیۆیۆرک پۆست'' لەبارەی بەشی فارسیی دەنگی ئامریکا نووسییەتی: "بەشی فارسیی دەنگی ئامریکا دەبێ هەواڵ لەبارەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران، گەندەڵیی ڕێژیمی ئێران و شرۆڤە دژی پڕوپاگەندەکانی ڕێژیم بەرهەم بهێنێت، بە جێگای ئەوەیکە پڕوپاگەندەکانی ڕێژیم بڵاو بکاتەوە".

ناوبراو نووسیویەتی، بەنیسبەت کاروبارەکانی دەنگی ئامریکا بەردەوام سکاڵای لێ دەکرێت و داوای له مەجلیسی سێنای ئامریکا کردووە، بەڕێوەبەریی ئاژانسی میدیا جیهانییەکانی ئامریکا دەستنیشان بکات.

"هوک" باسی لەوەش کردووە کە ئەگەر ئەو دۆخە نەگۆڕدرێت، کۆنگرە دەبێ ڕاگرتنی بودجەی بەشی فارسیی دەنگی ئامریکا بگرێتە بەر.

ناوبراو وتوویەتی، مەسەلەکە تەنیا بەشی فارسی نییە و سەرکۆماری ئامریکا لەبارەی ڕووماڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کاناڵی دەنگی ئامریکا نیگەرانیی دەربڕیوە و وتوویەتی، ئەم کاناڵە بووەتە بڵندگۆیەک بۆ پڕوپاگەندە و درۆکانی دەوڵەتی چین.