کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برایان هۆک: گەمارۆگەلێکی نوێ بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە ڕێگایە

11:03 - 25 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: یەکێک لە بەرپرسانی ئامریکا ڕایگەیاندووە، بۆ گووشاری زیاتر خستنە سەر ڕێژیمی ئێران، بە دوای دۆزینەوەی ڕێگایەکی نوێین.

ڕۆژی هەینی، ٢٤ی ڕەشەمە، برایان هۆک نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بۆ کاروباری ئێران، لە دانیشتنێکیدا لە یەکێک لە بیناکانی کۆنگرەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕایگەیاند: کە کۆشکی سپی بۆ گوشاری زیاتر بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، بە دوای ڕێگای نوێدا دەگەڕێت و ئەگەری ئەوە هەیە کە لە دوای تەواوبوونی مانگی بانەمەڕ، چاوپۆشی لە سزا ئابوورییەکان نوێ نەکەنەوە.

ئەم بەرپرسەی ئامریکا، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاماژەی بە فیلتێرکردن و سانسۆری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێراندا کردووە و وتوویەتی: "چالاکبوونی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران و محەممەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە تویتێردا وەک نیشانەی " دوو ڕووی و ڕیاکاری" ئەم حکوومەتەیە.

هەروەها ناوبراو باسی لە پێدانی نیشانەی "زولفەقار"، بە قاسم سلێمانی لە لایەن خامنەیییەوە کرد و وتوویەتی: "بێگومان بینیوتانە کە لەم دواییانەدا ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، نیشانەی زولفەقاری بە قاسم سلێمانی بەخشیوە، بە ڕای من وەزیری ڕاستەقینەی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران قاسم سلێمانییە.

ڕێبەری ڕێژیم، پیرۆزبایی لە ناوبراو کردووە و ئارەزووی شەهادەتی بۆ خواستووە! ئەڵبەتە ئەم قسانە لەگەڵ بەیانییەکان لە بارەی کۆتاییەکانی ڕێژیم ئێران و قسەکانی ئەحمەدی‌نژاد یەک دەگرنەوە".

ناوبراو هەواڵی وەگەڕخستنی گەمارۆی نوێ و گوشاری زیاتر لە بواری نەوتی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران ڕاگەیاند.

شایانی باسە، گەمارۆوەکانی ئامریکا لە بواری نەوت، لە مانگی خەزڵوەرەوە دەستی پێ کرد و قەدەغەکردنی کڕینی نەوتی ئێرانی لە لایەن وڵاتانی جیهان ڕاگەیندرا.