کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برایم لاجانی: وڵاتانی عەرەبی بەو ئاکامەی گەیشتوون کە دەبێ لە بەرانبەر پیلان و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدا هاوکاری یەکتر بن و بۆ ئاسایشی ناوچەکە لەگەڵ وڵاتانی بەهێز ڕێککەون

13:45 - 16 خەرمانان 2720

وتووێژ: ڕحمان سەلیمی

دوای وڵاتانی میسر و ئوردۆن، لەم دواییانەدا ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی پێوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە و ڕێککەوتنیان پێک هێنا کە ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێرانی تاساند بەچەشنێک کە ئەو ڕێککەوتنەیان بە خیانەت ناو برد.

لەم وتووێژەدا لەگەڵ بەڕێز "برایم لاجانی" شرۆڤەکاری سیاسی، ئەم بابەتەمان خستووەتە بەر باس کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین.

لە دۆخێکدا هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە حاڵی گۆڕانکاریدایە و دژایەتی کردنی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی وڵاتانی عەرەبی لە ئیسرائیل نزیک کردۆتەوە، ڕێژیمی ئێران تا کەی سیاسەتی ئیدیۆلۆژیکی خۆی درێژە پێدەدا؟ ئاسایی بوونەوەی پێوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات تا چ ڕادەیەک کۆماری ئیسلامی گۆشەگیر دەکات؟

کۆماری ئیسلامی لە ماهییەتی خۆیدا ڕێژیمێکی میللی نییە. هەربۆیەش هیچ کات قازانج و بەرژەوەندییە میللی و نیشتمانییەکانی ئێران و گەلانی ئێرانی بۆ گرینگ نەبووە. ئەو ڕێژیمە هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە ، ئەگەر لە نێوخۆی وڵاتدا سیاسەتی سەرکوت و زەبروزەنگی بۆ خامۆشکردنی دەنگی بێزاریی و ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران دەکار کردووە، لە ئاستی ناوچەشدا ماکەی ئاژاوەگێڕی و شەڕ و تیرۆر و مەینەتبەخشی بووە بۆ گەلان و میللەتانی دیکەی ناوچەکە. ئەو ڕێژیمە بۆ بردنە پێشی ئەو سیاسەتە گڵاوە، جگە لە سەرفکردنی دەیان و سەدان میلیۆن دۆلار لە سەروەتی خەڵکانی ئێران، لە ئەنجامدانی هیچ چەشنە کردەوەیەکی جنایەتکارانەش خۆی نەبواردووە. ئێستا هەموو ڕووداوەکان ئەوە نیشاندەدەن کە ئیدی دەورانی ڕمبازێنی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا کۆتایی هاتووە. ئەو ڕێژیمە لە نێوخۆی ئێراندا لەباری سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە، ئیفلاسی کردووە. خۆپیشاندانەکانی ئەو دواییانەی خەڵک لە شارە جۆراوجۆرەکانی وڵاتەکەماندا و سەرکوتی بێڕەحمانەی ئەو بزووتنەوە ئیعترازییانە، ئەوە دەردەخەن، کە کۆماری ئیسلامی لەسەر سونامی ڕق و قینی خەڵکی وەزاڵەهاتوو ڕاوەستاوە. ئەوەی ڕێژیمی ڕاگرتووە زیندان، گرتن، ڕاونان و سەرکوتە کە دیارە ئەوەش خەریکە ئاسەواری نامێنێ.

ئەو ئیفلاسی سیاسی و بنبەستە ئیدئۆلۆژیکییە لە ناوچەشدا ڕەنگی داوەتەوە. لە هەموو ئەو جێگایانە کە بە حەوزەی نفوزی کۆماری ئیسلامی دادەنران، خەڵک بە ئێسک و پێستەوە ئاکامی سیاسەتی ئاژاوەگێڕانە و نامەسئولانەی کۆماری ئیسلامیان لەسەر ژیان و وەزعی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵاتەکانیان بۆ دەرکەوتووە. لە خۆڕا نییە ئەو چەند مانگە خەڵکی بەغدا، بەسرە، کوت، عەممارە، نەجەف و کەربەلا و بەیروت هاوار دەکەن کە کۆماری ئیسلامی دەست لە یەخەیان کاتەوە.

ئێستا فاکتۆرێکی دیکەش بە موعادەلەکەوە خەریکە زیاد دەبێ. وڵاتانی عەرەبی هەموویان تێكڕا گەیشتوونەتە ئەو ئاکامە کە دەبێ لەبەرانبەر پیلان و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدا، نەک هەر پاڵ وێکدەن و هاوکاری یەکتر بن، بەڵکوو دەبێ لەگەڵ وڵاتانی بەهێز و کاریگەری ناوچە و دونیاش ڕێککەون بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی و دەستەبەرکردنی ئاشتی و ئەمنیەت و ئاسایش لە ناوچەکەدا.

ئەو بەرەیە خەریکە لەباری سیاسی و ئەمنیەتی و دیپلۆماسی و ئابوورییەوە پێکدێ و شكڵ دەگرێ. هەموو گەلان و میللەتانی ناوچە تێگەییون کە ئایندەی ئەوان لە ناوچەکەدا سوڵح و ئاشتی و پێکەوەژیانە. دەیان ساڵ شەڕ و کێشە و ململانێی سیاسی و نیزامی، ئاکامەکەی بۆ گەلانی ناوچە جگە لە دواکەوتوویی و مەینەتبەشی نەبووە. واقعبینی سیاسیی، ڕێبەران و خەڵکی وڵاتانی عەرەبی و تەنانەت فەلەستینییەکانیشی هێناوەتە سەر ئەو قەناعەتە کە ئایندەی خەڵکی ناوچەکە شتێک نییە جگە لە سوڵح. سوڵحێک کە  بتوانێ قازانج و بەرژەوەندییە ڕەواکانی هەمووان دەستەبەر بکات بە هی فەلەستینییەکانیشەوە. ئەوە گەڵالەیەکە کە خەریکە دەبێتە پڕۆژەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ناوچەکە. زۆر ناکێشێ شوڕای ئەمنیەتیش دەکەوێتە پشت سەری  پڕۆژەکە. ئامادەیی فەڕانسە بۆ هاوکاری عێراق و لوبنان بۆ تەرمیمی حاکمیەتی میللی ئەو وڵاتانە، بە نیشانەی ئەو ڕاستییە دادەنرێت. ئەوەی لەو نێوەدا هەروا ئیزۆلەتر دەبێ کۆماری ئیسلامییە.

ئەو ڕێژیمە بەو ماهییەتەوە ناتوانێ لەو پرۆژەیەدا جێگای ببێتەوە. چوونکە هەموو ئامانجی ئەو واقعبینییە سیاسییە کە ڕێبەرانی عەرب و ناوچە گرتویانەتە بەر ئەوەیە کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە چاخەکانی نێوەڕاستی خۆی بێتەدەر، شەڕی مەزهەبی و ململانێی ئیدئۆلۆژیک ببێتە بەشێک لە مێژوو. لە جیاتی ئەوە هەموو ناوچە ببێتە ئێکۆنۆمییەکی گەورە و بازاڕێکی بەرینی ئاڵووێری کاڵا و ڕفاه و خۆشبەختی بۆ هەموان دابین بکات و ببێتە جەمسەرێکی گەورەی ئابووریی دونیاش. فڕینی فڕۆکەی وەفدی ئیسرائیلی بۆ ئیمارات بە ئاسمانی سعودیەدا و نیشتنەوەی لە ئەبووزەبی بە ستارتی ئەو پڕۆژەیە و  لێدانی قوڵنگی دەستپێکردنەکەی لە قەڵەم دەدرێ.

کۆماری ئیسلامی نە دەتوانێ پێش بەو ڕەوتە بگرێ، نە دەتوانێ لەگەڵی بکەوێ. لەباری ماڵی و سیاسی و ئیدیۆلۆژیشەوە، دەستی بەستراوە بۆ ئەنجامدانی پیلان و ئاژاوەگێڕی زۆرتر. بۆیە تادێ بنبەستی سیاسی و ئیدیۆلۆژی کۆماری ئیسلامی تووندتر دەبێ. ئاشتی و دێموکراسی، موسرین، واتە سرایەت دەکەن و ئەو سونامییە گەورە سەرەنجام کۆماری ئیسلامی لەپێش خۆی ڕادەماڵێ. بایکۆتی ئابووری لە دەرەوەڕا و قەیرانی هەموولایەنەی ڕێژیم لە نێوخۆدا، ئەو ڕەوتە خێراتر دەکەن. بەو پێیە کۆماری ئیسلامی تا دێ پتر لەباری سیاسییەوە دەکەوێتە دوورەپەرێزییەوە. لەوەش زیاتر ئێستا قسەی پێکهێنانی پەیمانێکی نیزامیی بەهێزیش لە ناوچەکدا بە دژی دەستتێوەردان و ئاژاوەگێرییەکانی کۆماری ئیسلامی دەکرێ. سەفەری چەند ڕۆژی داهاتووی ئەفسەرانی پایەبەرزی ئیسرائیلی بۆ ئیمارات کلیلی وەگەڕخستنی ئەو میکانیزمە نیزامییە لێدەدا. ڕەزامەندی ئیسرائیل بەوە کە ئەمریکا فرۆکەی پێشکەوتووی جەنگی بە ئیمارات و وڵاتانی دیکەی عەرەبی بدات، ئەوە دەردەخا کە ئەو پەیمانی نیزامییەش لە حاڵی شكڵ گرتندایە.

ئایا ڕێژیمی ئێران بە تەواوی تووشی شکست بووە؟ چ بژاردەیەکی لەبەردەمدایە؟

بەڵێ ئەو ڕێژیمە بەتەواوی شکستی خواردووە. لەباری سیاسی و ئیدیۆلۆژیەوە تەواو بێ ئیعتیبار بووە. لە نێوخۆی وڵات و لە دەرەوە توانای چوونە پێشی لە هەموو بوارەکاندا نەماوە. زۆر ناکێشێ دەردەکەوێت کە سەرەنێزەی سەرکوتیشی هێندە کول بووە کە ئیدی ئەویش دادی نادا. ئەوە کە لەباری ئابووریشەوە ئەو ڕێژیمە هەروا بە پێوە ماوە، نیشانەی کارابوونی سیستمی کۆماری ئیسلامی نییە بەڵکوو نیشانەی بەهێزی و زەرفیەتی گەورەی وڵاتی ئێران و ژێرخانە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئینسانییەکەی ئەو وڵاتەیە کە سەرەڕای ئەو هەموو قەیرانە هەمەلایەنە هێشتاش هەر لەسەر پێیە بەڵام ئەوەش تاسەر نییە. نە خەڵکی ئێران و نە ئابووریی ئێران ناتوانن لە ماوەیەکی درێژخایەندا ئەو وەزعە ئیدامە بدەن.

ڕێژیم هەموو هیوای خۆی لەسەر ئاکامەکانی هەڵبژاردنی ئەمریکا لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا هەڵچنیوە بەڵام ئەو سیاسەتە دەسکەوتێکی ئەوتۆی بۆ کۆماری ئیسلامی بەدواوە نابێ.  هەرکەس لە ئەمریکا بێتە سەرکار، ناتوانێ دژایەتی ئەو ڕەوتە بکا کە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەستی پێکردووە و ئامانجەکەی سوڵح و ئاشتی و پەرەسەندنی هەموو لایەنەیە و بە تایبەت کە ئیسرائیل ماتۆڕێکی گەورەی ئەو پڕۆژەیەیە. بۆیە وەک باسم کرد کۆماری ئیسلامی هیچ بژاردەیەکی لەبەردەستدا نییە. هاندانی حیزبوڵڵا و حەماس و دنەدانیان بۆ ئەنجامدانی عەمەلیاتی کوێرانە لە سنورەکانی ئیسرائیل یا هاندانی حەشدی شەعبی و دارودەستە بەکرێگیراوەکانی دیکەی لە عێراق بۆ سابۆتاژ و کردەوەی تێکدەرانە، تەنیا  کارتێکە کە ڕێژیم بۆ یاری لەبەردەستیدایە بەڵام  تەکمیلی بونبەستی هەموو لایەنەی ڕێژیم و چوونەپێشی سوڵح لە ناوچەکە، سحری ئەو کارتە لاوازەش لە دەستی ڕێژیمدا بە تاڵ دەکاتەوە. هەموو وڵاتانی عەرەبی پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی فەلەستینییەکان پێویستە بەشێک بێت لەو پڕۆژەیە. بەوجۆرە ئەو مەیدانەش بۆ مانۆڕدانی کۆماری ئیسلامی تا دێ پتر تەنگەبەر دەبێتەوە.

عەلی خامنەیی ڕێککەوتنی  ئیمارات و ئیسڕائیلی بە خیانەت  ناو بردووە. ئایا خیانەت بەچی و بە کێ کراوە؟ کاردانەوەی ئێران چ دەبێ؟

لە کاتێکدا ڕێژیم لە دەرەوە و لە ناوەوە بێزراوە و لە حاڵی ئیفلاسی هەمەلایەنەدایە، لە کاتێکدا خەڵکی بەغدا لە ساحەت و تەحریر و خەڵکی لوبنان لە بەیرووت، ئەوە بۆ چەند مانگی بەردەوام دەچێ دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان لە دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری وڵاتانی ناوچەدا دەردەبڕن و دارودەستە جۆراوجۆرەکانی سەر بە ڕێژیم لەقاو دەدەن، لە کاتێکدا کە لە هەموو شارو شارۆچکەکانی ئێراندا، خەڵک هاوار دەکەن نە غەزە نە لوبنان گیانم بە فیدای ئێران، هیچ لە دەرەوە و لە ژوورەوە ئەو قسەی عەلی خامەنەیی بە جیددی ناگرێ.

خامنەیی دەیەوێ خۆی بە دڵسۆزی کێشەی فەلەستین لە قەڵەم بدا و وا نیشان دا کە ڕێککەوتنی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسڕائیل بە خیانەت بە ئامانجی فەلەستین بە حیساب بێنێ بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هەر هەنگاوێک لەو ناوچەیەدا بەرە و ئاشتی و ئاسایش و هاوکاری و هاوپێوەندیی، هەر جۆرە لێک نزیکبوونەوەیەکی سیاسی و دیالۆگ و لە نێوان عەرەبەکان و ئیسڕائیلدا، فەلەستینییەکان پتر لە ماف و قازانجە مەشڕوعەکانیان نزیکتر دەکاتەوە. ٥٠ ساڵ شەڕ و ململانێی سیاسی و نیزامی وڵاتانی عەرەبی و ڕێبەرانی ئەوانی بەو ئاکامە گەیاندووە کە شەڕ و هەڵگرتنی دروشمی نابودی ئیسڕائیل هیچ کە قازانجێکی بۆ فەلەستینیەکان نییە، دونیای عەرەب و ناوچەکەش لە شەڕ و ئاژاوە و دواکەوتووییدا دەهێڵێتەوە. منداڵانی ئەو ناوچەیە هەموویان داهاتووی هاوبەشیان هەیە. ئاشتی و ئاسایش و ئەمنیەت و ڕفاه دەبێ هەمووان بگرێتەوە. بەخۆشییەوە هەموو دەوڵەتەکان، میللەتەکانی ناوچە و گەلانی مەنتیقەکە بەو ڕاستییە گەیشتوون. زۆر ناکێشێ کە ئەوە شاملی کوردستانیش دەبێ. وەک لە پێشدا باسم کرد، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەنوسی ئەوە نییە کە ئێستا هەیە. ئەو ناوچەیە دەبێ لە چاخەکانی نێوەڕاستی خۆی بێتەدەر. ئەوەش بەوە دەکرێ کە شەڕی مەزهەبی کۆتایی پێ بێ و خەڵک بە هەر دین و مەزهەب و زمان و ئیتنیستەیەکەوە کە هەیانە، پێکەوە لە ئاشتی و ئازادیدا بژین و ڕێز لە قازانج و بەرژەوەندییەکانی یەکتر بگرن و بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە یەکتر تەحەموول بکەن. ئەوە ئەوپەڕی دووربینی و واقعبینی سیاسەتی و پوختەبوونی فەرهەنگی و کولتورییە کە خەڵکی ناوچە و ڕێبەرانیان پێی گەیوون. هەر لە مەڕاکشەوە تا دەگاتە وڵاتانی خەلیج و شام خەڵک پێشوازی لەو سیاسەتە نوێیەی دەکەن. لە ڕاستیدا هەر ئەو سیاسەتەشە کە داهاتووی ناوچە و گەلانی ناوچەکە دیاری دەکات. ئەو سیاسەتە بە قازانجی سوڵح و ئاسایشی جیهانیشە، بۆیە هەموو دونیا پشتیوانی لێ دەکات. بەو پێیە قسەکانی خامنەیی لەهیچ کوێ بە جیدی ناگیرێن. ئەو ناتوانێ لە پاپ کاتۆلیکتر بێت. وڵاتانی عەرەبی بۆخۆیان لە بردنە پێشی ئاشتیدا قازانج و بەرژەوەندی فەلەستینیەکانیش وەک بەشێک لە پڕۆژەکە دەبەنە پێش. لەڕاستیدا یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو ڕێککەوتنە ئەوەیە کە کێشەی فەلەستین بە قازانجی فەلەستینییەکان و بە وەبەرچاوگرتنی مەوجودیەت و ئەمنیەت و ئاسایشی ئیسڕائیل چارەسەر بکرێ. کۆماری ئیسلامی کە لە هەموو بارێکەوە دۆڕاو هاتۆتەدەر، بە چاوڕاو و فڕوفیشاڵی تەبلیغاتی ناتوانێ پێش بە چوونە پێشی ئەو واقعبینی و پوختەبوونی سیاسییە بگرێ کە خەریکە هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە.  کەواتە کاردانەوەی کۆماری ئیسلامی لەوبارەوە لە دروشم و هەڕەشەی بێ نێوەرۆک تێناپەرێ بەڵام ئیدی ئەو دەورانە تێپەڕیوە کۆماری ئیسلامی بتوانێ بە چاووڕاو و فروفیشاڵی تەبلیغاتی خەڵکی ناوچە بە هەڵە بەرێ.

خەڵکی ئێران دەبێ تاکەی تێچووی سیاسەتە دژی میللییەکانی کۆماری ئیسلامی بدەن؟

ئەوە پتر لە چل ساڵە خەڵکی ئێران باجی ئەو سیاسەتە دژی گەلیانەی ڕێژیم دەدەن و ئیدی جامی سەبر و توانیان پڕ بووە. خەڵک هیچی دیکە توانای تەحەموولی ئەو وەزعە دژوارەیان نەماوە. ئەوە کە بە دەیان و سەدان هەزار کەسیان دێنە شەقامەکان و داوای ڕووخانی ئەو ڕێژیمە دەکەن، ئەوە کە پێشڕەوانی کۆمەڵگای مەدەنی، مامۆستایان و خوێندکاران، ژنان و لاوان و کەمایەتییە میللی و مەزهەبییەکان داخوازی و داوکارییەکانی خۆیان دێننەگۆڕ، نیشانەی ئەوەیە کە چیدی ئامادە نین هەزینەی مانەوەی ئەو ڕێژیمە و سیاسەتە دژی گەلییەکانی بدەن. ڕۆژنامەنوسێکی ئورووپایی وەزعەکە ئاوا وێنە دەکا.

لە ئێرانی ئەمڕۆدا خەڵک و ڕێژیم  لەگەڵ یەکتر لە حاڵی زۆرەبانیدان. دەستیان لەیەخەی یەکتر ناوە و لەو زۆرانبازییەدا ئەوە سەرەنجام خەڵکی ئێرانن کە سەردەکەون، بەڵام وەزیفەی ئەخلاقی مرۆڤایەتی پێشکەوتوو و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی ئەوەیە بە ڕاگەیاندنی پشتیوانی سیاسی و مەعنەوی خۆی لە گەلانی ئێران و ئەو خەڵکە قارەمانە، پرۆسەی وەعەرزێ کەوتنی ڕێژیم خێراتر بکەن.