کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برایم لاجانی: پێشمەرگە نوێنگەی ئیرادەی میللەتی کوردە بۆ خەبات و بەرخۆدان

17:49 - 29 سەرماوەز 2720

وتووێژ: ڕەحمان سەلیمی

٢٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٢٤ دوای ئەوەیکە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد هێرشیان کردە سەر شارەوانیی مەهاباد‌ و دەستیان بەسەر دوایین قەڵای داگیرکەری‌ ڕێژیمی پەهلەوی لەو بەشە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات داگرت لەو کاتەوە ناوی پڕ لە ناوەرۆک و هێزی ڕزگاریخواز و پارێزەری كورد و كوردستان، بە پێشمەرگەی كوردستان دیاری كرا و لەو كاتەوە تا هەنووكە پێشمەرگە وەك سمبولی ئازادی، ڕەمزی ڕزگاریی گەلی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان وەک ئاوێنەیەكی بێگەرد ماوەتەوە و ڕیشەیەكی وەهای داكوتاوە كە پاش ٧٥ ساڵ لە هەموو کوڕ و کۆبوونەوەکاندا بە شکۆوە یادی دەکرێتەوە.

لە وتووێژیکدا لەگەڵ بەڕێز ''برایم لاجانی'' شرۆڤەکاری سیاسی مانا و چەمکی پێشمەرگە و هەروەها ئەرک و ئامانجەکانی پێشمەرگەمان خستووەتە بەر باس کە سەرنجتانی بۆ خوێندنەوەی ڕادەکێشین.

-پێشمەرگە کێیە وئامانج و ئەرکەکانی کامانەن؟

پێشمەرگە ئەو تێکۆشەرە کوردەیە کە لەپێناو ئازادیی کوردستان و بەرگری لە مان و مەوجودیەتی میللەتی کورد، دەستی لە هەموو خۆشیەکانی ژیان هەڵگرتووە و چەکی خەباتی کردووەتە شان و بێ ئەوەی چاوەڕوانی هیچ چەشنە پاداشێک بێت، لە سەنگەری تێکۆشان و بەربەرەکانیدا، سینگی کردووەتە قەڵغان و لەبەرامبەر هێرش و پەلامار و سەرکوت و زەبروزەنگی دوژمنانی کوردستاندا گیان، لەسەر دەست ڕاوەستاون.

-ماهیەت و جەوهەری پێشمەرگەبوون چیە؟

ئەرکی پێشمەرگە بریتیە لە بەرگری لە خاکی کوردستان، بەرەنگاربوونەوەی هێرش و پەلاماری ڕێژیمە دژی گەلی و سەرەڕۆکان، ئەوانەی کوردستانیان لە نێوان خۆیان دابەش کردوە و حاشا لە مەوجودیەتی نەتەوەی کورد دەکەن و لەوەش زیاتر لە ڕێگای بردنەپێشی سیاسەتی سەرکوت و زەبروزەنگ، قەتڵ وعام و ژینۆساید و ئەنفال، جیاوازی دانانی ڕەگەزی و ئاپارتایدی هەموو لایەنە، تێدەکۆشن ناسنامە و فەرهەنگ و کولتوری کورد بتوێننەوە. بە جۆرێکی دێکە دەتوانین بڵێین کە جەوهەری پێشمەرگە بوون بریتییە لە بردنە پێشی خەبات لەپێناو ئازادی کوردستان و سڕینەوەی ستەمی نەتەوایەتی و بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی سەرکوت و هەڵاواردن، کە ڕێژیمە دژی گەلی و داگیرکەرەکان بەسەر خەڵکی کوردستانیاندا سەپاندوە.

-چ شتێک پێشمەرگە لە چەکدارێکی ئاسایی جیادەکاتەوە؟

پێشمەرگە خاوەنی ئامانجێکی گەلی و جەماوەریە، نوێنەری ئیرادەی میللەتێکە کە بۆ ئازادی و ڕزگاریی خۆی خەبات دەکات. پێشمەرگە خەباتێکی ڕەوا و مەشروع  دەباتە پێش. بەرگری لە مان و مەوجودیەتی میللەتی کورد دەکات. بەرگری و دیفاع لە بەرانبەر پەلاماری دوژمنانی گەل و نیشتیماندا، لە باری سیاسیەوە کارێکی دروست و بەرحەقە، لەباری قانونیەوە ، کردەوەیەکی یاسایییە و لەباری ئاینی و ئەخلاقیشەوە مەشروع و بەجێیە. جگە لەوە پێشمەرگە لە خەبات و بەربەەرەکانی خۆیدا، ئەسل و پرەنسیپە ئینسانی و یاسا و قانوونە پەسندکراوە نێونەتەوەییەکان وەبەرچاو دەگرێ. ئەو تەنیا دیفاع لە نیشتمان و میللەتی خۆی دەکات و بەرپەرچی پەلامار و سەرکوتی دوژمن دەداتەوە، هێرشی نەکردووەتە سەر خاک و ماف و ئازادییەکانی خەڵکانی دیکە، لەسەر خاكی هەزار ساڵەی باب و باپیرانی خۆی بەرانبەر هێرش و پەلاماری داگیرکەران دەوەستێتەوە. بۆیە جیاوازیی زۆرە لەگەڵ چەکدارێکی ئاسایی کە هیچ ئامانجێکی ڕەوا و ئەخلاقی و مەشروعی نیە و هیچ ئەسل و پرەنسیپێکی نێونەتەوەییش وەبەرچاو ناگرێ.

-نەیارانی کورد و کوردستان هەمیشە ویستویانە و دەیانهەوەێ ناوی پێشمەرگە بە شێوەیەکی نەرێنی وێنا بکەن، ئایا لەو بوارەدا سەرکەوتوو بوونه؟

لەمێژە دوژمنانی میللەتی ئێمە لە هەموو بەشەکانی کوردستان لە هەوڵی ئەوەدان کە ناوی پێشمەرگە لە نێو بیروزەینی خەڵکی کوردستاندا بسڕنەوە، ئەگەر لەوەشدا سەرکەوتوو نەبن بە شێوەیەکی مەنفی و نەرێنی  وێنای بکەن. لەو پیلانانە زۆر بوونه و هەموویان بوونەتە بڵقی سەر ئاو. چەتە، دژی شۆڕش، تێرۆریست، موخەریب، تەنیا بەشێک لەو ناوانەن کە دوژمنانی گەل تێکۆشاون  بەسەر پێشمەرگەیدا بسەپێنن تا لەنێو بیروڕای گشتیی خەڵکدا بە شێوەیەکی نێگەتیڤ کەسایەتی پێشمەرگە وێنا بکەن. ئەوە چل ساڵە هەموو دەزگای سەرکوت و خەفەقانی ڕێژیم و بڵندگۆ تەبلیغاتییەکانی بەو هەمووه بودجە و ئیمکاناتەوە کە لەبەردەستیان دایە، تێدەکۆش لە کوردستان پێشمەرگە وەک کەسێکی نەرێنی بە خەڵک بناسێنن، بەڵام دەبینین کە ئەو سیاسەتە تەواو تێک شکاوە، پێشمەرگە لەنێو خەڵکی کوردستاندا هەروا وەک سمبولی خەبات و باسکی بەهێزی گەل ماوەتەوە و هەتا دێت خۆشەویستتر دەبێ. وەک وتم پێشمەرگە نوێنگەی ئیرادە میللەتی کوردە بۆ خەبات و بەرخۆدان. هەر ئاواش دەمێنێتەوە، بۆیە مەحاڵە دوژمنانی میللەتی ئێمە بتوانن لەو پیلانەدا سەرکەوتوو بن.

-پێگەو مەوقعیەتی پێشمەرگە لە حقوقی نێونەتەوەیدا چۆن لێک دەدرێتەوە؟

ئەو باسە دوورودرێژە و لە دەرفەتێکی دیکەدا لەوبارەوە قسە دەکەم. بەڵام پێشمەرگە مادام تێکۆشەری ڕێگای ئازادیی میللەتی خۆیەتی، مادام بۆ بەرگری لە مان و مەوجودییەتی کورد خەبات دەکات، مادام ئەسلە پەسندکراوە نێونەتەوەییەکان لە خەباتی خۆیدا وەبەرچاو دەگرێ، لە ڕوانگەی یاسای نێونەتەوەییەوە وەک ئەکتەر دەناسرێ.  بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکان لە ئاسیا و ئافریقا و  ئەمریکای لاتیندا، بەتایبەتی دوای شەڕی دووەمی جیهانی و پەرەسەندنی خەباتی گەلانی ژێرچەپۆکە دژی ئیستعمار و کۆلۆنیالیزم، دژی دەسەڵاتداریەتی بێگانە، دژی سەرکوتی سیاسی و تەبعیزی ئیتنیکی و مەزهەبی و سیاسی و نەتەوەیی، لە مێژە  لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکانەوە وەک ئەکتەری نێونەتەوەیی تەماشا دەکرێن و هەر ئاواش ئەرک و مافیان بۆ دیاری کراوە.

 بزووتنەوەی ئازدیخوازی جەزایر، بزووتنەوەی ئازادیخوازی فەلەستین، بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان، باسک، ئیرلەند، موزامبیک، ئەنگۆلا و ئافریقای باشوور تەنیا بەشێک لەو ڕاستیەن. هەتا ئێستا بە دەیان و سەدان بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەت و کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، یەکیەتیی ئورووپا و هتد سەبارەت بەو بزووتنەوانە دەرچوون و پەسند کراون. ئەوانە ئەدەبیاتی حقوقیی نێونەتەوەییان لەو بارەوە دەوڵەمەند کردوە. ئەو بزووتنەوانە بۆ ئۆتۆنۆمی، بۆ خودموختاری، بۆ سڕینەوەی ستەمی میللی و مەزهەبی و سیاسی، بۆ وەدەرنانی دەسەڵاتداریەتی داگیرکەر، بۆ کۆتاییهێنان بە سەرکوت و تەبعیز و هەڵاواردن خەبات دەکەن، هەموو ئەو ئامانجانەش لە بەندە جیاجیاکانی مەنشووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتوون. مافی دیاریکردنی چارەنوس بۆ هەموو میللەتان بە ڕەسمی ناسراوە، مافی پەرەسەندن بۆ هەموو گەلان بە مافێکی ڕەوا دادەنرێت. جگە لەوە لە ڕوانگەی یاسای نێونەتەویی مافەکانی مرۆڤیشەوە، هەوڵ و تێکۆشان بۆ ئازادی و ماف و ئازادیە ئینسانییەکانی خەڵکی کوردستان نەک هەر ڕەوایە، بەڵکو وەک تاعەت و خواپەرستی سەردەم دەناسرێ.

لە ئەدەبیاتی حقوقی و سیاسیدا بە پێشمەرگە دەگوترێ، freedom fighter ، واتە تێکۆشەری ڕێگای ئازادی. من زۆر جار لە پێوەندی دەگەڵ کەیسی پەنابەریی پێشمەرگەکانی کوردستاندا لە دادگاکانی نۆروێژدا ئامادە بوومە و دیفاعم کردووە،  قازییەکان بە ڕێزەوە دەڕواننە پێشمەرگە، زۆر جار بۆ لێکدانەوەی مانای دەستەواژەی پێشمەرگە ناچاربوون داوا لە زانکۆی ئۆسلۆ بکەن کە ئەو دەستەواژەیان بۆ شی بکاتەوە، زانکۆی ئۆسلۆ پێشمەرگە بە تێکۆشەری ڕێگای ئازادی دەزانێ. هەر لەسەر ئەو ئەساسەش دادگاکان کەیسی پێشمەرگەکان لێک دەدەنەوە و بە موستەحەقی مافی پەنابەریان دەزانن.

ئەمە پێناسەیەکە لە ئەدەبیاتی نێونەتەوەییدا سەبارەت بە مانای پێشمەرگە یا تێکۆشەری ڕێگای ئازادی، پێشمەرگە کەسێکە کە:

a person who takes part in a resistance movement against an oppressive political or social establishment 

پێشمەرگە بەو کەسە دەوترێت کە لە بزووتنەوەی بەرگری بە دژی ڕێژیم یا دەسەڵاتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەرکوتکەر و سەرەڕۆدا بەشداریی دەکات.

سەرەڕای ئەوە دوای بەشداریی قارەمانانەی پێشمەرگەکان لە شەڕی دژی داعشدا و دوای ئەو هەموو ئازایەتییەی لەو شەڕەدا بە نوێنەرایەتی هەموو بەشەرییەتی پێشکەوتوو لەخۆیان نیشاندا، ئێستا  تێرمی پێشمەرگە، هەر وەک خۆی لە ئەدەبیاتی سیاسی، حقوقی و ڕۆژنامەنوسوسی دونیادا جێگای خۆی کردووەتەوە.

گرینگرترین سمبولەکانی تێکۆشەری ڕێگای ئازادی لە ئەدەبیاتی جیهانیدا بریتین لە ماندێلا، گاندی،  گیڤارا، یاسر عەرەفات، قازی محەممەد، قاسملوو و هتد. هەندێک لێکۆڵەر لەسەر ئەو بڕوایەن کە حەزرەتی مەسیح تێکۆشەری ڕێگای ڕزگاریی بووە. لە کولتووری مەسیحیەتدا عیسای مەسیح لەپێناوی ڕزگاریی کەسانی دیکەدا خۆی فیدا کردوە. حەزرەتی ئیبڕاهیم دژی دەسەڵاتداریەتی ناعادڵانە و سەرەڕۆ چووەتە مەیدان ، حەزرەتی مووسا ڕێبەریی میللەتی خۆی کردووە بۆ ڕزگاریی لە ژێر ستەمی  فێرعەونەکان و هیدایەتییان بۆ گەیشتن بە ئازادی. لە ساڵەکانی دەیەی هەشتای سەدەی ڕابردوودا لە بەسرە و بەغدا، لە ئیستامبوڵ و لە تاران و لە مازەندەران و تەنانەت لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانیشەوە هەموو ئەوانەی بۆ ئازادی خەباتیان دەکرد ڕوویان دەکردە شاخەکانی کوردستان. کوردستان لەقەبی سەنگەری دیفاع لە ئازادی پێ درابوو.

ئەگەر ئەوە ڕاست بێ کە مەسیح بۆ ڕزگاریی خەڵک و بۆ لەنێوبردنی بێ عەداڵەتی کاری دەکرد، ئەگەر ئیبڕاهیم  بە دژی بتەکان ڕادەوەستا، ئەگەر مووسا لەپێناو ڕزگاریی میللەتی خۆیدا خەباتی کردووە، ئەگەر حەزرەتی عەلی  لە ئەدەبیاتی ئیسلامیدا لەپێناو عەداڵەتدا خەباتی کردووە،  هەموو ئەوانە ئەگەر ئێستا زیندوو بان، تفەنگی پێشمەرگایەتیان دەکردە شان و دەهاتنە چیاکانی کوردستان و تێکەڵ بە پێشمەرگەکانی کوردستان دەبوون.

 یەکەم جار کە یاسر عەرەفات لە کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بەشداریی کرد گوتی: "ئەمن ئەمڕۆ لێرە چڵە زەیتوونێکم بە دەستەوەیە و دەمانچەیەکی پێشمەرگانیشم بە قەدەوەیە". وێنەیەکی دوکتور قاسملوو هەیە لە نێو پێشمەرگەکاندا وەستاوە و دەمانچەیەکی بە قەدەوەیە، ئەو دەمانچەیە دەمانچەی پێشمەرگانەیە. هەرچەند جار ئەو وێنەیە دەبینم، ئەو قسەیەی یاسر عەرفاتم وەبیر دێتەوە. ئاخر دەمانچەکەی یاسر عەرەفات لە جنسی  ئەو تفەنگەیە کە بە شانی پێشمەرگەکانی کوردستانەوەیە.