
لەحاڵێکدا ڕێژیم نەیتوانیوە نرخی هەڵاوسان لەو وڵاتەدا کەم بکاتەوە هەوڵ دەدات بە بردنەسەرەوەی مووچەی کرێکاران پاساو بۆ هەڵاوسانی ٤١ لەسەدی بێنێتەوە.
لە کۆبوونەوەی شۆرای باڵای کاری ڕێژیم، نوێنەرانی ڕێژیم و کارفەرماکان، بە بێ وەرگرتنی ڕای نوێنەرانی کرێکاران، مووچەی کرێکاران بۆ ئەوساڵ ١٥ لەسەد بەرز و پەسەند کراوە و ئەوپەڕی مووچەش ٢١ لەسەد دیاری کراوە.
پەسندکردنی مووچەی ١٥ لە سەدیی کرێکاران لە ئێراندا باری یاسایی نییە.
زیادبوونی نرخی ١٥ لەسەدیی مووچەکان نیوەی نرخی هەڵاوسانیش داناپۆشێت و بەم شێوەیە کرێکاران توانای کڕینیان لەدەست دەدەن.
هاوکات نوێنەری کرێکاران بەهۆی گرینگی نەدانی دەوڵەت بە ڕا و بۆچوونیان، ئامادە بە واژۆکردنی ئەو پەسەندکراوەیە نەبوونه.
لە ساڵانی ڕابردوودا ئەوە یەکەمین جارە کە دانیشتنی شۆرای باڵای کار لەسەر مووچەی کرێکاران، بە بێ وەرگرتنی ڕای گشتی و ڕای نوێنەرانی کرێکاری کۆتایی پێ دێت.
مووچەی کرێکاران هەر ساڵە دەبێت هاوتەریب لەگەڵ هەڵاوسانی ئابووری زیاد بکرێت تا ئەو چینەی کۆمەڵگا بتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن و تووشی کێشە نەبن.
دۆخی ئابووریی ڕێژیمی ئێران بەهۆی ئابڵۆقەی سیاسی و گەمارۆوە ئابوورییەکانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو داڕماوە و ڕێژیم ئەو گوشارە لەسەر کۆمەڵگا، بەتایبەت کۆمەڵگای کوردستان کە وەکوو هەڕەشەیەک چاوی لێ دەکات دادەنێت.