کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا، بێرلین و پاریس: بڕیاری ناوکیی ئێران مەترسیدارە

11:15 - 6 رەشەمه 2720

سێ وڵاتی ئورووپایی لە بەیانییەیەکی هاوبەشدا بڵاویان کردووەتەوە، سنووردارکردنی چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی لەلایەن ئێرانەوە بڕیارێکی مەترسیدارە.

ڕێژیمی ئێران پرۆتۆکۆلی هاوپێچکراوی ڕاگرتووە و سێ وڵاتی ئاڵمان، بریتانیا و ئاڵمان بەنیسبەت ئەو بڕیارە بەتوندی نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە. ئەو سێ وڵاتە داوایان لە تاران کردووە کە لەو بڕیارە پاشگەز ببێتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٥ی ڕەشەمە ئێران هەنگاوێکی دیکە لە ڕێککەوتنی ناوکی کشایەوە. ئەو بڕیارە بەپێی پەسندکراوی مەجلیس بووە.

ڕێژیمی ئێران لە دوای چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام بەرەبەرە لە ڕێککەوتنی ناوکی کشاوەتەوە و وڵاتانی ڕۆژئاواییش هۆشدارییان پێ داوە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بۆ ئەوەیکە ئێران بگەڕێتەوە بەرجام و بە بەڵێنییەکانی پابەند بێت، "ڕافائێل گرۆسی" بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی ناوکی سەردانی ئێرانی کرد.

دوای ئەو دانیشتنە ئێران و ئاژانس ڕێک کەوتن کە بە شێوەی کاتی سێ مانگی دیکە هاوکاریی یەکتری بکەن.

دوای ئەو ڕێککەوتنە "ڕافائێل گرۆسی" لە سێمینارێکدا لە ڕێکخراوی نادەوڵەتیی " گەڵاڵەی مەترسیی ناوکی" لە واشنتۆن وتی: "دانوستانەکان لەگەڵ ئێران هیچ ئاکامێکی ئەرێنیی نەبووە".

ناوبراو جەختی کردووەتەوە کە ئەو وتووێژانەی لەگەڵ ئێران ئەنجامیان دا، بە ئاکامێک نەگەیشتووە.

دژکردەوەکان بە بڕیاری ڕێژیمی ئێران زۆر بووە. لەو پێوەندییەدا ئیسرائیل ڕایگەیاندووە: "چ ڕێککەوتن بکرێت و چ نەکرێت، ئێمە ئیزن نادەین ئێران دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات".

هەوڵەکانی ئێران بۆ چەکی ناوکی درێژەی هەیە، بەڵام ڕۆژئاوا بڕیارێکی دیکەی لەبەر دەستە.