کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا داوای لە شارۆمەندانی "ئێرانی- بریتانیا"یی کرد کە سەردانی ئێران نەکەن

13:55 - 28 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: بریتانیا بە دەرکردنی بەیانییەیەک، داوای لە شارۆمەندانی ئێرانی- بریتانیایی کرد کە بە هۆی دەسبەسەرە سەرەڕۆکانی ڕێژیمی ئێران، سەردانی ئەو وڵاتە نەکەن.

ڕۆژی هەینی، ٢٧ی بانەمەڕ، لە بەیاننامەیەکدا کە وەزیری دەرەوەی بریتانیا بڵاوی کردووەتەوە هاتووە: "شارۆمەندانی ئێرانی- بریتانیایی زۆرتر لە کەسانی تر لە ئێراندا، مەترسیی دەسبەسەربوونیان لەسەرە."

وەزیری دەرەوەی بریتانیا ڕایگەیاند کە هەڵسوکەوتی نەشیاوی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ شارۆمەندانی ئێرانی- بریتانیایی، مایەی شەرمە و تەحەمول ناکرێت.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: "بریتانیا چەندین جار هەوڵی داوە تا دەرفەتێک بۆ چارەسەریی ئەم کێشەیە دروست بکات، بەڵام ڕەفتاری ڕێژیمی ئێران خراپتر بووە. بۆیە دەبێ داوا لە هەموو شارۆمەندانی ئێرانی- بریتانیایی بکەین کە بۆ ئێران سەفەر نەکەن."

ڕێژیمی ئێران هەمیشە وەک سیخووڕ سەیری شارۆمەندانی ئێرانیی دەرەوەی وڵات دەکات و کاتێک هەندێک لەم شارۆمەندانە سەردانی ئێران دەکەن، لە لایەن ڕێژیمەوە هەڵسەوکەوتی خراپیان لەگەڵ دەکرێت، یان دەسبەسەر دەکرێن و بە تاوانی سیخووڕی زیندانی دەکرێن