کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا دژی ڕێژیمی ئێران پارە بە عێراق دەدات

11:48 - 10 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: دەوڵەتی بریتانیا بۆ ئەوەی کە عێراق چیتر پشت بە ڕێژیمی ئێران نەبەستێت، پارەیەکی زۆری بە عێراق داوە، بۆ ئەوە‌ی له ڕێژیمی ئێران دوور بكەوێتەوە.

"ئەلیستەر بێرت" وەزیری كاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا ئاشكرای كرد، شانشینی یەكگرتووی بریتانیا، زیاتر لە ٣٠ میلیۆن پۆندی سترلینگی پێشكەش بە عێراق دەكات، بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی نەخۆشخانه، قوتابخانه،‌ وێستگەكانی وزە و سووتەمەنی، كە لە ئەنجامی شەڕی تێرۆر زیانیان بەركەوتووە، ئەوەش بەو مەبەستەوە ئەنجام دەدرێت کە ئیتر عێراق پشت بە خۆی ببەستێت و چیتر پشتئەستوور بە ئابووریی ئێران نەبێت.

ڕۆژنامەی "ئیندپێندتـ"ـی بەریتانیا، لە زاری "ئەلیستەر بێرتـ"ـەوە بڵاوی كردەوە، كە لە میانەی سەردانەكەی بۆ عێراق وەك یەكێك لە وڵاتە بەخشەندەكان، بریتانیا ٣٠ میلیۆن پۆندی سترلینگی بە سندووقی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە وێرانبووەكان بەخشیوە.

وەزیری كاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، باسی لەوەش کرد، ئێستا كاتی ئەوەیە ئیتر عێراق پشت بە خۆی ببەستێت و بەتایبەتی لە ڕووی وزەوە بگاتە ئاستی خۆبژێوی و پشت بە ئێران و وڵاتانی تر نەبەستێت.