کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا، هۆشداریی بە ڕێژیمی ئێران دا

18:21 - 26 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: جێگری وەزیری بەرگریی بریتانیا، هۆشداریی بە ڕێژیمی ئێران دا کە هێز دەنێرێتە کەنداو.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی جۆزەردان، "تۆبیاس ئیڵ وود"، جێگری وەزیری بەرگریی بریتانیا، لە لێدوانێکی تەلەڤیزیۆنیدا، لەبارەی هێرشی ئەم دواییە بۆ سەر کەشتییە نەوتکێشەکان لە دەریای عوماندا، هۆشداریی بە ڕێژیمی ئێران دا و وتی: "دەبێ ڕێژیمی ئێران بزانێت کە بریتانیا سوورە لەسەر پاراستنی داراییەکانی لە ناوچەکەدا."

دوابەدوای ڕوودانی تەقینەوەی دوو کەشتیی نەوتکێش لە دەریای عوماندا و تاوانبارکردنی ڕێژیمی ئێران بە ئەنجامدانی ئەم تەقینەوانە لە لایەن ئامریکاوە، دەوڵەتی بریتانیا پشتیوانیی لە قسەی بەرپرسانی دەوڵەتی ئامریکا کرد و پشتڕاستی کردەوە.

لەم پەیوەندییەدا و لە هەمان ڕۆژدا، "جێرمی هانت"، وەزیری دەرەوەی بریتانیا ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی بە ئەگەرێکی زۆرەوە، ڕێژیمی ئێران بە بکەری هێرش بۆ سەر نەوتکێشەکان دەزانێت.

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ڕۆژنامەی بریتانیایی "ساندی تایمز"، لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند: "دەوڵەتی بریتانیا هێزێکی ١٠٠ کەسی لە هێزە تایبەتە دەریاییەکانی بۆ پاراستنی کەشتییە بریتانیاییەکان دەنێرێتە کەنداو. ئەم هێزانە لە پایەگایەکی نوێ لە وڵاتی بەحرەیندا نیشتەجێ دەکرێن.