کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا، هۆکارێک بۆ ڕەتکردنەوەی ئیدعاکانی ئامریکا نابینێت

16:45 - 24 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەرەوەی بریتانیا ڕایگەیاندووە کە هۆکارێک نابینن بۆ ئەوەی کە ئیدعاکانی ئامریکا لەبارەی تاوانبارکردنی ڕێژیمی ئێران بە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر دوو نەوتکێشەکە، ڕەت بکەنەوە.

"جێرمی هانت"، وەزیری کاروباری دەرەوەی بریتانیا، ڕۆژی هەینی، ٢٤ی جۆزەردان، بە ڕادیۆی "بی بی سی"ی ڕاگەیاند: "دەوڵەتی بریتانیا هۆکارێک بۆ ڕەتکردنەوەی ئیدعاکانی ئامریکا لەبارەی  تاوانبارکردنی ڕێژیمی ئێران لە تەقاندنەوەی دوو نەوتکێش لە دەریای عوماندا نابینێت."

هەروەها ناوبراو ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی بە شێوەیەکی سەربەخۆ لێکۆڵینەوەکانی لەسەر ئەم ڕووداوە دەست پێدەکات.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی جۆزەردان، دوو نەوتکێش لە دەریای عوماندا کەوتنە بەر هێرشێک و تەقێنرانەوە، کە دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، "مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ڕێژیمی ئێرانی بە ئەنجامدانی ئەو تەقینەوانە تاوانبار کرد.

هەر لەم پەیوەندییەدا، هێزە دەریاییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، ڤیدیۆیەکیان بڵاو کردووە کە نیشان دەدات یەکێک لە بەلەمەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە دوای تەقینەوەکە، لە یەکێک لەم نەوتکێشانە نزیک بووەتەوە و مینێکی نەتەقیوی لێ جودا کردووەتەوە.