کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا ڕوو لە تاران: هەوڵی تاقیکردنەوەی ئامریکا مەدەن!

19:10 - 30 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەرەوەی بریتانیا هوشداریی بە ڕێژیمی ئێران دا کە ئیرادەی ئامریکا بۆ شەڕ تاقی نەکەنەوە.

"جێرێمی هانت"، وەزیری کاروباری دەرەوەی بریتانیا، لەبارەی هێرشی مووشەکی بۆ سەر ناوچەی سەوز لە عێراق وتوویەتی: "من دەبێت بە ڕێژیمی ئێران بڵێم کە هەوڵی تاقیکردنەوەی ئامریکا مەدەن، چونکە ئامریکا نایهەوێت شەڕ بکات، بەڵام ئەگەر هێرش بکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانیان ئەوا تۆڵەی دەکەنەوە، ئەمەش شتێکە کە دەبێت ئێرانییەکان بیزانن و لەبارەیەوە زۆر بە هوشیارییەوە مامەڵە بکەن."

ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی بریتانیا لە کاتێکدایە کە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی بانەمەڕ، میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای مووشەکێکی کاتیووشاوە ناوچەی سەوزی بەغدادیان کردووەتە ئامانج.

هەر لەم پێوندییەدا، "دانێڵد ترامپ"، لە تویتێکی هەڕەشەئامێزدا ڕوو لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران نووسی: "ئەگەر ڕێژیمی ئێران بە دوای شەڕدا بگەڕیت، ئەوا ئەمە دەبێتە کۆتایی کاری ئێران؛ هەرگیز هەڕەشە لە ئامریکا مەکەن."

"محەمەد جەواد زەریف" لە تویتێکدا وەڵامی توییتەکەی سەرکۆماری ئامریکا دابووە و نووسیبووی: "تیمی بی و ترامپ دەیانهەوێت بە شتێک بگەن کە ئەسکەندەر، چەنگیز و داگیرکەرەکانی دیکە نەیانتوانی پێی بگەن. ئێران بە درێژایی هەزاران ساڵە بە پێوە وەستاوە، لە کاتێکدا هەموو داگیرکەرەکان ڕۆشتوون. تێرۆریزمی ئابووری و بانگەشەکەرانی جینۆساید، ناتوانن کۆتایی بە ڕێژیمی ئێران بهێنن."

لە ماوەی ڕابردوودا و دوای هاتنی ناوەکانی ئامریکا بۆ کەنداو، ئاڵۆزییەکانی نێوان وڵاتانی ئامریکا و ڕێژیمی ئێران پەرەی سەندووە و هەندێک لە کارناسان پێشبینیی دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئەم دوو وڵاتە دەکەن.