کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا: ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی حیزبوڵڵا و حوسییەکانەوە پشتیوانی لە تێرۆریزم دەکات

12:18 - 15 خەرمانان 2720

وەزیری بەرگریی بریتانیا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پەیوەندیی عەرەبستان و بریتانیا تەنیا بە فرۆشتنی چەکوچۆڵەوە سنووردار ناکرێتەوە و هاوپشکی بەرگریی بەهێزیشی بەدواوە دەبێت.

"بێن واڵاس" وەزیری بەرگریی بریتانیا  وتوویەتی: "هەڵسوکەوتەکانی ڕێژیمی ئێران پشتیوانیکردنە لە گرووپە نیابەتییەکانی خۆی لە ناوچەکە تا بتوانێت لە ڕێگەی حیزبوڵڵا و حوسییەکانەوە تێرۆریزم لە ناوچەکە پەرە پێ بدات".

"بن واڵاس" هەروەها باسی لەوە کردووە، بریتانیا هیچ گرینگییەک بە هاوکاریی نیزامی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران نادات.

هەر لەو پەیوەندییەدا "محەممەد بێن سەلمان" وەلی عەهدی عەرەبستان لە پێوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ"بوریس جانسۆن" سەرۆکوەزیرانی بریتانیا جەختیان لەسەر هاوکاریی زیاتر لەنێوان ئەو دوو وڵاتە کردەوە.

هەروەها هێزەکانی هاوپەیمان و پشتیوانی دەوڵەتی یاسایی یەمەن چەند وێنەیەکیان بڵاو کردبووەوە کە نیشانی دابوو ئەو مووشەکانەی کە لەلایەن حووسییەکانەوە عەرەبستانیان کردبووە ئامانج لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دابین کرابوو.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا "پۆمپێئۆ" لە لاپەڕەی تویتەکەی خۆیدا نووسیبووی: "ڕێژیمی ئێران هەموو داهاتی خۆی بۆ دابینکردنی ماڵیی تێرۆریزم خەرج دەکات و دەبێ بە زووترین کات کۆتایی بەو کارەی خۆی بێنێت".