کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا ڕێژەی دیپلۆماتکارانی خۆی لە عێراق و ئێران کەم دەکاتەوە

10:42 - 17 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: پاش هێرشەکەی ڕۆژی ١٣ی بەفرانباری ئامریکا کە کوژرانی قاسم سلێمانی، ئەبوو مەهدی موهەندیس و چەند تێرۆریستێکی دیکەی لێکەوتەوە، زۆربەی وڵاتان لە هەوڵدان کە هێزەکان و شارۆمەندانی خۆیان لە دوو وڵاتی ئێران و عێراق دوور بکەنەوە.

کوژرانی قاسم سلێمانی، گەورە تێرۆریست و فەرماندەی سپای قودسی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، کۆمەڵێک کاردانەوەی لێکەوتەوە.

پاش کوژرانی ئەم تێرۆریستە، ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی لە هێزەکانی ئامریکا و بەرژەوەندییەکانی ئەم وڵاتە لە خاکی عێراقدا کرد و ئامریکاش بە بەردەوامی هەڕەشەی هێرش لە ڕیژیمی ئێران دەکات.

زۆربەی وڵاتانی جیهان لە یەکەم ڕۆژەکانی دوای کوژرانی قاسم سلێمانی و بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە داوایان لە هاووڵاتییانی خۆیان کرد کە لە سەفەرکردن بۆ خاکی عێراق خۆیان بپارێزن.

هەندێک وڵاتی دیکەش ڕایانگەیاند کە باڵوێزەکانی خۆیان لە خاکی عێراق دەبەنە دەرەوە و وڵاتی بریتانیاش باسی لەوە کردووە کە ڕێژه‌ی دیپلۆماتكار و كارمه‌ندانی له‌ باڵوێزخانه‌كانی خۆی له‌ تاران و به‌غدا بۆ كه‌مترین ئاست كه‌م ده‌كاته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌ دیپلۆماسییه‌كان به‌ كه‌ناڵی "سكای نیوز"یان ڕاگه‌یاندووه‌، ئه‌و هه‌نگاوه‌ی له‌نده‌ن وه‌ک خۆپارێزی و گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی ته‌ناهی بۆ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان پێویسته‌، بڕیاره‌كه‌یش دوای ئه‌وه‌ دراوه‌ كه‌ زانیارییه‌ هه‌واڵگرییه‌كانی ده‌زگای هه‌واڵگریی بریتانیا ئه‌وه‌یان پشتڕاست كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌ و مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر ژیانی هاووڵاتییان و دیپلۆماتكارانی بریتانیایی له‌ هه‌ر دوو وڵات هه‌یه‌.

له‌نده‌ن ته‌نیا ژماره‌ی كارمه‌ند و دیپلۆماتكارانی كه‌م ده‌كاته‌وه‌ و "ڕۆب ماكیری" باڵوێز له‌ تاران و "ستیڤن هیكی" باڵوێز له‌ به‌غدا، له‌ شوێنی خۆیان ده‌مێننه‌وه‌.