کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا گەمارۆ دەخاتە سەر ئێران

12:44 - 30 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: دەوڵەتی بریتانیا لە هەوڵی داڕشتنی بەرنامەیەکدایە بۆ گەمارۆدانان لەسەر ئێران.

بەپێی ڕاپۆرتێکی بلاوکراوە لە ڕۆژنامەی بریتانیایی "دیلی تێلێگراف"، دەوڵەتی بریتانیا لە هەوڵی داڕشتنی بەرنامەیەکدایە، بۆ گەمارۆدانان لەسەر ڕێژیمی ئێران و باس لەوە کراوە کە ئەگەری زۆرە کە داراییەکانی ئێران لە بریتانیادا بلۆکە بکرێت.

ئەو هەواڵە، پاش بەڕێوەچوونی دووەمین دانیشتنی بەپەلەی کابینەی دەوڵەتی بریتانیا ڕاگەیەندراوە و هەروەها ئەو ڕۆژنامەیە ڕایگەیاندووە کە ئەو گەمارۆوانە ئەمڕۆ بەگشتی ئاشکرا دەکرێت.

هەر لەم پەیوەندییەدا، "پێنی مۆردانت"، وەزیری بەرگریی بریتانیا، ڕایگەیاندبوو کە نەوتکێشەکەی بریتانیا لە چوارچێوەی ئاوەکانی عوماندا بووە و ئەو هەوڵەی ڕێژیمی ئێرانی بەنیسبەت ڕاگرتنیەوە، بە کارێکی "دوژمنکارانە" ناو لێ بردووە.

پاش دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکانی بریتانیا لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە گەرووی هورمۆزدا، کاردانەوەکانی ئەو وڵاتە بەرانبەر بە ڕێژیمی ئێران چووە حاڵەتێکی دژبەرانەوە.

ئێران بە ڕاگرتنی دوو کەشتیی بریتانیایی لە گەرووی هورمۆزدا، بوو بەهۆی هەڵگیرسانی ناکۆکییەکان لەو ناوچەیەدا و ئەمەش بوو بەهۆی دەربڕینی دژکردەوە لە لایەن وڵاتانی دەرەوە.