کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برینج لە بەرانبەر نەوتدا

12:31 - 10 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ستراتیژیی بێ وێنەی خۆیان بە جێگای پارە لە هیند، برینجی باسماتی، شەکر و چا و ڕۆن هاوردە دەکەن.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا، ڕێگایەکی بێ وێنەی دۆزیوەتە و بە جێگای پارەی نەوت لە هیند کاڵا هاوردە دەکات.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران؛ دەستیان بە پارەی ئەو نەوتەی کە بە هیندی دەفرۆش ناگات و بۆ ئەو مەبەستەش کاڵا هاوردە دەکەن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو کراونەتەوە، ئێران بڕی ١٥٠ هەزار تۆن شەکری لە هیند کڕیوە کە مانگی ڕەشەمەی ئەمساڵ و خاکەلێوەی ساڵی داهاتووە بۆ ئێران هەناردە دەکرێت.

دۆخی ئابووریی ئێران بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکان کە لەژێر گوشار دایە و نرخی خۆراک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گرانتر دەبێت، بۆیە بەرپرسانی ڕێژیم بڕیاریان داوە کاڵا هاوردە بکەن.

مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ، وەزارەتی کاروباری ئابووریی و دارایی ڕێژیمی ئێران بە فەرمی ڕایگەیاند، دەوڵەتی ڕۆحانی پێشنووسێکی ئامادە کردووە کە بەپێی ئەو پێشنووسە لە ئێراندا هەندێک شیرکەت دابمەزرێن کە بتوانن لەگەڵ شیرکەتە بیانییەکان مامەڵەی کاڵا بە کاڵا بکەن.

هاوکات "بەهرام قاسمی" وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران گوتبووی، ئێمە به هۆی گۆشارەکانی ئامریکاوە جۆری هاوکارییەکانمان لەگەڵ ئورووپا ئاشكرا ناکەین و ڕێوشوێنی ئێمە بۆ مامەڵەی نەوت لە بەرانبەر کاڵادا لەگەڵ ئورووپاییەکان، بە مانای گۆڕینەوەی نەوت بە خۆراک نییه.

کاربەدەستانی ئامریکایی ڕایگەیاندووە: "ڕێژیمی ئێران لە داهاتێک کە لە ڕێگای فرۆشی نەوت بەدەستی دێنێت، یارمەتی و پشتیوانی ماڵی تێرۆریستان دەکات، هەر بۆیە داوای لە وڵاتانی دیکە و بەتایبەت یەکیەتیی ئورووپا کردووە، کە پێبەندی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بن، بۆ ئەوەی سەرچاوەی یارمەتییەکانی تیرۆریستان وشک بکەن".