![](/content/upload/1/news/55062_w920.jpg)
ماڵپەڕی هەواڵدەریی "ئاکسیۆس" بڵاوی کردووەتەوە کە "برێت مەکگۆرک" جێگری سەرکۆماری ئامریکا لە پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وتوویەتی: "ئێران توانایی بڕیاردانی نییە و هەر ئەوەش هۆکاری سەرەکی بووە کە هەتا ئێستا لەسەر بەرجام ڕێک نەکەوین".
"مەکگۆرک" لە درێژەدا وتوویەتی: "بە بڕوای من دەسەڵاتی ئێران دەیهەوێ کە ئامریکا شتێکی زیاتر لە کاسەی ڕێژیمی تاران بهاوێ و سەبارەت بەو بابەتە کێشە کەوتووەتە نێوان "خامنەیی" و داکۆکیکارانی بەرجام لەنێو دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا".
هەروەها لەگەڵ شکستی کردەیی دانوستانەکانی بەرجام، "برێت مەکگۆرک" ڕایگەیاندووە کە حکوومەتی "بایدن" بەنیازە کەڵک لە گەمارۆکان و گۆشەگیریی دیپلۆماسی دژی ئەو ڕێژیمە وەربگرێت، بەڵام لە هەمانکاتدا نایەوێت دۆخەکە قەیراناویتر و خراپتر بکات.
ناوبراو جەختی کردووەتەوە کە ئەمریکا هێزی نیزامی وەک دوا بژاردە دژی ڕێژیمی ئێران بەکار دەهێنێت.