کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بزووتنەوەی کوردستان دەبێ بکرێتە ئۆلگوو بۆ سەرانسەری ئێران

23:24 - 4 جۆزەردان 2722

هیوا کوردی

لە ڕۆژانی ڕابردوودا ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە چەندین شاری ئێران و کوردستان بەهۆی شەپۆلێکی نوێی گرانی دەستیان پێکردەوە. ئەم ناڕەزایەتییانە و ئەندامانی بەشدار تێیدا تێکەڵاوێک لە چینەکانی خواروو و مامناوەندی کۆمەلگا بوون کە وەک ئاماژەی پێکرا هۆکاری دەستپێکردنەوەی ئەم ناڕەزایەتییانە گرانی و هەڵاوسان بوو کە بەهۆی هەڵگرتنی سوبسید لە سەر هەندێک کەلوپەل هاتنەگۆڕێ. زۆر شرۆڤەکار چەند مانگ پێشتر مەزەندەی ئەوەیان کردبوو کە ناڕەزایەتییەکان دەست پێدەکەنەوە و تەنانەت ڕێژیمیش سۆسەی ئەمەی کردبوو. لە ۳۰ی خەزەڵوەری ۱٤۰۰ باندەکانی سەرکوتکەری ئیتلاعات و سپای ترۆریست باسیان لە ئەگەری ئەو ناڕەزایەتییانە کرد و هێزە سەرکوتکەرەکانی خۆیان بۆ سەرکوت ئامادە کرد.

ئەوەی ڕوونە و تا ئێستە ئەزموون کراوە حکوومەتە دێموکرات و خەڵکییەکان لە کاتی سەرهەڵدانی ئەم جۆرە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕینانەدا بیر لە ڕێگاچارەی دروستی کێشەکان دەکەنەوە و بەرنامەی چارەسەری کێشەکان دادەڕێژن بەڵام لە ڕێژیمە تۆتالیتێرەکانی وەک کۆماری ئێسلامیدا کە توانای چارەسەری کێشەکانیان نییە و دەستەوەستانە تەنیا ڕێگە لە ڕووبەڕووبوونەوە و قبوڵنەکردنی ڕاستییەکاندا دەبیننەوە.

لەلایەکی ترەوە دوای بەناوهەڵبژاردنی ۱٤۰۰ بایکۆتی خەڵک نیشانی دا زیاتر لە ۹۰ لەسەدی خەڵکی ئێران لەم ڕێژیمە ناڕازین و خوازیاری گۆڕانی ئەم ڕێژیمەن؛ ئەمەش ئەو کاتە زیاتر خۆی دەردەخات کە دەبینین لەو شارانەی کۆماری ئیسلامی تێیاندا خاوەن نفوز وپێگەی سیاسی و ئایینی و کۆمەلایەتی بوو لەوانەش ئیسفەهان و مەشهەد و قۆم و هتد ئەم پێگەیە بۆ نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی دەسەڵاتدارێتی جەماران دابەزیوە.

ئێدئولۆژی ویلایەتی فەقیه کە کەسانی سەر بە ڕێژیمی لێک دەبەستەوە لەرزۆک بووە و وەک خانوویەکی کاغەزی لێهاتووە کە بە ناڕەزایەتی بەردەوام و بەربڵاو زوو هەڵدەقەندرێت و دەچێتە دۆڵەوە بۆیە ڕێژیم بە خەستی بەرنامە بۆ سەرکوت، گرتن و کوشتن دادەڕێژێ؛ سیاسەتێکی ئەزموونکراوی شکستخواردوو کە مێژووی دوور و نیزیک پێمان دەڵێ هیچ ڕێژیمیک بە سەرکوت نەیتوانیوە بۆ ماوەیەکی زۆر، درێژە بە تەمەنی بدات.

کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای دامەزرانییەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرکوتی وەحشیانەی کردە مێتۆدی کاری خۆی و ئەوە ٤٤ ساڵە ئەم وەحشیگەرییە لە کوردستاندا درێژەی هەیە بەڵام نەیتوانیوە و ناتوانێ خەڵکی کوردستان لە سەر مافخوازی و دێموکراسیخوازی بەچۆکدا بێنێ. پێچەوانەی سەرانسەری ئێران لە کوردستان ڕێژیم مەشرووعییەتی مسۆگەر نەکرد. هەرچەند ڕێژیمی ناوەندگەرای فاشیستی کۆماری ئیسلامی ویستی بە شێوەی جۆراجۆری وەک بەناو ئاوەدانی و ئیسلاحتەڵەبی و دانی چەند پۆستێک بە کورد و .... خەڵکی کوردستان  هەڵخەڵەتێنێ بەڵام خەڵکی کوردستان چییەتی ئەم ڕێژیمەیان هەر لە سەرەتاوە زۆر بەباشی ناسی و نەچوونە ژێر باری و ڕۆژ لەگەڵ ڕوژ زیاتر لە ڕێژیم بێزراوتر بوون.

دستپێکردنی ڕاسان و پێشوازی گەرمی خەڵکی کوردستان لەم قۆناغە نوێیەی خەباتی ڕۆژهەڵات، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە؛ بۆیە کوردستان ٤٤ ساڵ لەمەوبەر بەوە گەییشت کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی باوەڕپێکراو نییە و ناتوانێ وڵامدەری ویست و داخوازی سیاسی، فەرهەنگی، ئابووری و کومەڵایەتی خەڵک بێ؛ هەر لەم چوارچێوەیەشدا بوو کە داوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی کردووە و دەیکات و خەباتی بۆ هێنانەسەرکاری ڕێژیمێکی دێموکرات کە مافی نەتەوایەتی نەتەوەکانی ئێران دابین بکا درێژە پێداوە.

خەڵکی کوردستان بەپێچەوانەی سەرانسەری ئێران ڕێکخستنی بەهێزی هەیە. بە بوونی حیزبی مودێرن و دێموکراتیک، ئەم ڕێکخستنە ئاسانتر بووە کە لە توانایدایە ببێتە ئالتێرناتیو بۆ پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و دابینکەری ئاسایش و هێمنی بۆ خەڵک و خاکی کوردستان؛ ئاڵتێرناتیڤێک کە دێموکراتیک و سەردەمیانەیە و لە ناخی خۆیدا ڕێز بۆ کەرامەتی مرۆڤەکانی ئەم سەرزەوینە دادەنێت.

 ئەمە ڕێک خاڵی جیاکەرەوەی بزووتنەوەی سەرانسەری ئێران و بزووتنەوەی کوردستانە کە بزووتنەوەی سەرانسەری خاوەنی ئەم دوو تایبەتمەندییە نییە کە نەبوونی ئەو دوو تایبەتمەندییە واتە ڕێکخراونەبوون و نەبوونی ئاڵتێرناتیڤێک کە مافی هەموو پێکهاتەکان دابین بکا دوو خاڵی نەرێنین لە بزووتنەوەی سەرانسەریدا؛ تا ئەم دوو خاڵەش لە بزووتنەوەی سەرانسەریدا جێگیر نەکرێ  ڕێژیم دەتوانێ بە سەرکوت بۆ ماوەیەکی کورتی تر درێژە بە تەمەنی نگریسی خۆی بدا.

 بەڵام ئەگەر بزووتنەوەی سەرانسەری له ئێران چاو لە کوردستان بکا و ئولگووی لێوەرگرێ و لەسەر ڕێبەرییەک لە هەموو پێکهاتەکان بۆ ڕێکخستنی ئەم هەموو ناڕەزایەتییە و ڕێککەوتن لە سەر مۆدێلی حکوومەتێک کە هەموو پێکهاتەکانی ئێران لێی بەهرەمەند بن، ناڕەزایەتییەکان زۆرتر و بەربڵاوتر دەبنەوە و بە پەرەسەندن و بەربڵاوتربوونی ناڕەزایەتییەکانیش دونیای دەرەوەش باشتر پاڵپشتی خەڵکانی ئێران دەکات و ڕووخانی ئەم ڕێژیمە توتالیتێرە زووتر دەبێ و باشتر دەتوانرێ پێش لە بشێوی و تێکەڵ پێکەڵی دوای ڕووخانی ڕێژیم بگیرێ.