کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بزووتنەوەی ١٩٧٩ـی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ‌و ڕۆڵی حیزبە کوردییەکان لە کرماشان

13:18 - 18 رێبەندان 2718

نەعیم نەجەفی

پێشەکی

هاوکات لەگەڵ بەدەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا شۆڕشێکی جەماوەری و چەکداری لە دژی ئەو کۆمارە دەستی‌ پێکرد.

بزووتنەوەی رزگاری ١٩٧٩ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە وەک هەنگاوی دووهەمی مافخوازیی کوردستانیانی بندەستی رێژیمی ئێران دەناسرێت، جیاواز لەگەڵ پێشووتر، ئەم بزووتنەوەیە لە چوارچێوی بزووتنەوەیەکی سیاسی، رێکخستنی و چەکداری تا دەروازەکانی کرماشان سەری هەڵدا کە هەوڵێکی لەمێژینەی بۆ دراوە و وەک خاڵی یەکلاکەرەوەی پرسی کورد لە ناوچەکە دێتە هەژمار.

 بزووتنەوەی ١٩٧٩ـی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕۆڵی لە کرماشاندا

لە بزووتنەوەی رزگاری ١٩٧٩ی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە، ڕۆڵی سەرەکییان بینیوە، بەڵام لە سەر ئاستی بەشداربوونی خەڵکی کرماشان لە ریزەکانی پێشمەرگە و بەتایبەتی ئەڕازمانەکان و هەروەها بوونی هێزی پێشمەرگە لە دەڤەری کرماشان، بەپێی سەرچاوە بەکارهێنراوەکان شوێندەست و جووڵەی حیزبی دێموکرات و بەرنامەو پلانەکانی بەبەراورد لەگەڵ هێزی کۆمەڵە بەرچاوترە، کە لێرەدا ئەم بابەتە تایبەت دەبێتە مێژووی رۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو سنوورە و لە دەرفەتێکیتردا باس لە رۆڵی کۆمەڵە لە دەڤەری کرماشاندا دەکەین.

لەدرێژەدا هەڵسەنگاندنێکمان دەبێت دەربارەی چالاکی و ئامانجەکانی دامەرزاندنی‌ هێزەکانی سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەوروبەری کرماشان و هۆکاری ئەوەی کە بزووتنەوەی چەکداری رۆژهەڵاتی کوردستان لەوکاتەدا بۆ نەیانتوانی بەشێوەیەکی گشتی وەک ناوچەکانی سەرووتری رۆژهەڵاتی کوردستان لە کرماشانیش پێگەی جەماوەری خۆیان مسۆگەر کەن و پەرە بە رێکخستن و چالاکی چەکداری و سیاسی بدەن.

بزووتنەوەی١٩٧٩ـی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و رێکخستنەکانی "حیزبی دێموکرات" لە کرماشاندا

لە ساڵی ١٩٧٨ کۆمیتەیەکەیان بەناوی زاگرۆس پێکهێناوە کە لە دوکتور قاسملووە تا بەشی زۆری سەرکردایەتی ئەوکاتی حیزبی دێموکرات تێیدا ئەندام بوون و بۆ سەرکەوتنی بزووتنەوەی کوردستان و بەرینترکردنەوەی شۆڕشی کوردی کرماشانیش لەو شوێنانە دەبێت کە گرنگیی پێدەدرێت و "ئەمیر قازی" ئەندامی دەفتەری سیاسیی "حدکا" دەبێتە بەرپرسی ڕێکخستنەکانی بەشی کرماشان. هاوکاتیش لەگەڵ شۆڕشدا لە دوای ساڵی ١٩٧٩ د.عەبدولڕەحمان قاسملوو سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەپێی شارەزایی لە گرنگی کرماشان لەڕووی ستراتیژی جوگرافی، دیمۆگرافی، سەربازی، ئابووری، سەرچاوە سرووشتییەکان و ...‌ هتد؛ خۆی لە دەرەوەی ئێران لە ئەورووپا و ئەمەریکادا دەکەوێتە پەیوەندی لەگەڵ کەسایەتییە کرماشانییەکان کە دەتوانین بە پەیوەندی د.قاسملوو لەگەڵ دوکتور "داریوش ئەعزەم‌ئەمیریان کۆلیایی" لە ئەمەریکا و پرۆفسۆر سەید فرود حەیدەری لە ئۆتریش و هاوکات نووسەرو ڕۆژنامەنووس هەژیر تەیموریان لە بەریتانیا‌ و خەلیل زەرع (خەلیل خەلەبان) لە ئەڵمانیا و...هتد ئاماژە بکەین؛ تەنانەت د.ئەمیریان کۆلیایی لە کۆنگرەی ٧ و٨ بەشدار دەبێت و خەلیل زەرعیش دەبێتە ئەندامی حیزب ‌و دەگەڕێتەوە کوردستان و وەک فەرماندەیەک ڕۆڵی بەرچاوی دەبێت لە دامەرزاندنی هێزەکانی پێشمەرگە لە بۆکانەوە هەتا دەگاتە کرماشان.

هەژیر تەیموریانیش دەبێتە کەسایەتییەکی نیزیکی د. قاسملوو و لە زۆربەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزب بەتایبەتی ئەورووپا هاوڕێیەتیی دەکات.

حیزبی دێموکرات بۆ ئەوەی بزووتنەوەی کوردی بگاتە کرماشان، بڕیاری دامەزراندنی چەند هێزێکی چەکداری-سیاسی لەو دەڤەرەی داوە، کە دەتوانین بە هێزەکانی شاهۆ و بێستوون و داڵاهۆ لە دەورووبەری کرماشان ئاماژە بکەین. دیارە ئامانجی حیزبی دێموکرات ئەوە بووە بتوانێت بەدرووست کردنی هێڵێک لە باکوور و باشوور و ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشانەوە ئەو ناوچانە کە لە رووی هەڵکەوتەی جۆگرافی و سەربازییەوە ستراتژین بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە تا لەو رێگەشەوە بتوانێت پەرە بە چالاکییەکانی لەو سنوورە بدات.

بەپێی بەڵگەنامەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە لەچاپ دراوە، حیزبی دێموکرات لە پارێزگای کرماشان ٧٠٠ عەمەلیاتی چەکداری (گەورەو بچوک)ـی ئەنجام داوە.

دامەرزاندنی سێ کۆمیتە و هێزی چەکدار لە دەڤەری کرماشان

١- کۆمیتەی هەورامان- هێزی شاهۆ

هێزی شاهۆ لە سەرەتای خەباتی چەکداری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە ساڵی ١٩٨٠ دادەمەزرێت ‌و پانتای چالاکییەکانی بەشێک لە خاکی دوو جۆگرافیای پارێزگای کرماشان و سنە لەخۆدەگرێت، بەڵام دوایی لە بەر ئەوەیکە بەشێکی ناوچە هەورامییەکانی سەربە سنە و مەریوان ‌و کامیاران لەگەڵ کۆمیتەی هەوراماندا مەودایەکی زۆریان لەنێواندا هەبووە، لە پارێزگای سنە بە ناوی شاهۆی ژمارە دوو و لە کرماشان بە ناوی هێزی شاهۆی ژمارە یەک درێژە بە چالاکییەکانی دەدات.

هێزی شاهۆی "ژمارە یەک" لە پارێزگای کرماشان بەگشتی لە ناوچەکانی نەوسوود، نۆدشە، پاوە، باینگان، جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی و داڵاهۆ (پێش لە دامەزرانی هێزی داڵاهۆ) رۆڵی سیاسی و چەکداریی گێڕاوە و لە لایەنی کۆمیتەی شارستانی هەورامانەوە بەڕێوە براوە.

ئەم هێزەش لە ماوەی چالاکییەکانی کە زیاتر لە ناوچە هەورامییەکانی پارێزگای کرماشان ڕۆڵی هەبووە، توانیویەتی لە رێگەی ئاخێوەرانی هەورامی زمان لە ناوخۆی شاری کرماشان، پەرە بە رێکخستنەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بدات. جێی ‌ئاماژەیە هۆنەرمەندی ناسراوی کوردستان "قادری ئەلیاسی" خەڵکی سەرپێڵی‌زەهاو سەربە پارێزگای کرماشان، لە ریزەکانی هێزی شاهۆی یەک بووە.

٢- کۆمیتە شارستانی کرماشان - هێزی بێستوون  

له مانگی یەکەمی ساڵی ١٩٨١ لەسەر بڕیاری سەرکردایەتی حدکا، کۆمیتەی شارستانی کرماشان وهێزی بێستوون لە باکووری کرماشان دامەزرا. چالاکییەکانی هێزی بێستوون تایبەت بووە بە ناوچەیەکی بەربڵاوی نێوان کرماشان و سنە و هەمەدان ‌و سونقوڕ و رەوانسەرو جوانڕۆ. چالاکییەکانی ئەو ناوچانە بە سێ بەشەوە دابەشکرابوون:

لقی شەهید حەمە شەریف کە ناوچەی ناودەروەن و سونقوڕ، کامیاران و بێڵەواری ناودەروەن لە خۆی گرتووە.

لقی شەهید نادر کە تایبەت بووە بە ناوچەکانی هەورامی و ژاوەرۆ.

لقی شەهیدان تایبەت بوون بەناوچەی ئەوبەر جادەی کامێران بۆ سنە و سوورسوور و کولیایی...

هێزی بێستوون کە له رێکخستنی حیزبیدا لقی چەکداری کۆمیتەی شارستانی کرماشان بووە، ده‌سته‌کانی پێشمه‌رگه‌ی ئەو هێزە چه‌ند جارێک بۆ چالاکی سەربازی چوونەتە‌ پشتی جبهه‌ی بەرامبەر و له‌سه‌ر جاده‌ی کرماشان-کامیاران ‌و ده‌وربه‌ری کامیاران و روانسه‌ر.

 به‌گوێرەی قسه‌ی شاپووری فیروزی (له‌ کتیبی یادداشته‌کانیدا) کە خەڵکی کامیاران بووە و فەرماندەیی ئەو هێزەی لە ئەستۆ بووە، ‌هێزەکانیان توانیویانە ته‌نانه‌ت له‌ناو شاری کرماشانیشدا لە دژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئۆپەراسیون ئەنجام بدەن.

هێزی بێستوون زیاتر له ناوچەکانی کامیاراندا چالاکییان ئەنجام داوە، زۆربەی پێشمەرگەکانی ئەو هێزه له سەرەتاوه لەخەڵکی ناوچەی کامیاران پێک‌هاتبوون وخەڵکی کرماشان بەتایبەت ئەڕازووان، ئاستی بەشداری کردنیان لە هێزی بێستوون زۆر کەم بووە.

لەسەرکەمی رێژەی بەشداری خەڵکی کرماشان لە هێزی بێستوون بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانە کە ئەنجام دراون، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە سەر هەندێ گرفت کە فەرماندەیی هێزی بێستوون،  کەمتر بە کاری رێکخستنی جەماوەری لە ناو شاری کرماشاندا گرنگی داوە و زیاتر جەختی لەسەر چالاکی چەکداری لەو دەڤەرەدا کردووەتە.

٣- کۆمیتەی داڵاهۆ- هێزی داڵاهۆ

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش ئەزموونی دامەزراندنی دوو هێز لە دەوروبەری کرماشان و پاش کۆنگرەی شەش، بەشێوەیەکی جیدیتر بڕیار دەدات کە بزاڤی نەتەوەیی و پەیامی سیاسی حدکا بگاتە ناوچەکانی کرماشان و ئیلام، بۆ ئەم مەبەستەش لە ساڵی 1984 بڕیاری دامەرزاندنی هێزی داڵاهۆ دەدرێت.

لێرەدا بە جێگیربوونی هێزی پێشمەرگە لە داڵاهۆ، ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت، حیزبی دێموکرات ئەمجارە بە بەرنامەو پلانێکی ئەوتۆتر و شناختێکی باشتر بەرەو کرماشان و ئیلام هەنگاوی هەڵگرتووە، چونکە شاخەکانی داڵاهۆ و هەڵکەوتەی جۆگرافیی بەپێی بوونی زۆربەی پێکهاتە عەشیرەیی و مەزهەبییەکانی کرماشان لەو سنوورە دەتوانێت ببێتە پێگەیەکی قایم و وەک دەروازەیەک بۆ گەیشتنی بزووتنەوەی کوردی بەرەو ناوچەکانی کرماشان و ئیلام بەتایبەت خودی شاری کرماشان کە لە درێژەدا بەم شێوە گرنگییەکانی دەخرێتە روو: 

شاخەکانی داڵاهۆ کە پێکهاتووە لە پێنج شاخی بەرزتر لە ٢٠٠٠مەتری، شوێنێکی ستراتژی بووە بۆ خۆپاراستنی هێزەکانیان و بە هۆی سەرچاوەی زۆری ئاوییش بەكەڵک بووە بۆ مانەوەی درێژخایەنیان.

شاخەکانی داڵاهۆ لەباری جۆگرافیاییەوە وا هەڵکەوتوون: لە باکورەوە دەبەسترێتەوە بە جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی، لە رۆژئاواوە سەرپێڵی‌زەهاو، لە باشوری رۆژئاواوە گێڵان، لە باشوری ڕۆژهەڵاتەوە ئیسلامئاوا، لە باکووری رۆژهەڵاتییەوە شاری کرماشان و هەروەها لە"نواکویەوە" دەبەسترێتەوە بە شاخەکانی قەلاجەوە کە دەبێتە دەروازەی پارێزگای ئیلام و شاخێکی ستراتژی سەربازییە کە عێراق لە سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی لەگەڵ ئێراندا، زۆر هەوڵی ئەوی دا ئەو شاخە کۆنتڕۆڵ بکات.

بەڵام بە گشتی حیزبی دێموکرات بۆ داڵاهۆیان هەڵبژارد؟

ناوچەی داڵاهۆ و شاخی داڵاهۆ بۆ چوونی هێز بەرەو ناوچەکانی قەسری‌شیرین، سەرپێڵی زەهاو، گێڵان و ئیلام و هەروەها ناوچەکانی جوانڕۆ و روانسەر یان بە گشتی ناوچەکانی گۆران و قەڵخانی وجاف و کەلهۆڕ و سەنجاوی کە لەباری ئایینیش ئەم ناوچانە دابەش دەبن بەسەر دوو مەزهەبی سووننە و شیعە و ئایینی یارسان؛ کە دەبینین پێکهاتەی جەماوەری ناوشاری کرماشانیش، پێکهاتەیەکە لەو شێوەزارو عەشیرەو مەزهەبانە؛ کە بوونی حیزبی کوردی لەو ناوچانە و ڕێکخستنییان، راستەوخۆ کاریگەریی دەچێتە سەر شاری کرماشان و هەروەها دەروازەیەکە بۆ گەیشتنی هێز بەرەو ناوچەکانی نەفتشار و گەرمەسێری گێڵان کە تەئسیساتی دەرهێنانی نەوت و گازی لێیە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەمجارە توانی بە دامەزراندنی هێزی داڵاهۆ پێشمەرگەیەکی زۆر لە کوردانی "ئەڕازمان" ‌و تایبەتی یارسانەکان بەرەو لای خۆی ڕابکیشێت کە تا ئێستاش نمونەیەکن لە بەرخۆدان و خۆڕاگری لە نێو پێشمەرگەکان ‌و بەشێکیان تا ئێستا ماون ‌‌و درێژە بە خەبات دەدەن؛ بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە بۆچی حیزبی دێموکرات نەیتوانی وەک باقی شارەکانی کوردستان لە کرماشانیش پێگەیەکی جەماوەری بەهێزی هەبێت؟

١- هەمەڕەنگی فەرهەنگی و خاستی سیاسی کرماشان

حیزبی دێموکرات لە پاش ئەزموونی دامەرزاندن و چالاک کردنی سێ هێزی چەکداری و سیاسی لە پارێزگای کرماشان، بەڵام بەو شێوە کە چاوەڕوانی دەکرێت نەیتوانی سەرنجی پێکهاتەیەک لە کوردانی "ئەڕازمانی" شیعە مەزهەب بەرەو لای خۆی رابکێشێت، بە جۆرێک کە توانیی زیاتر لە ناو پێکهاتەی جاف و هەورامی کە سوننە مەزهەبی کرماشان و ئەڕازمانانی یارسانی دزە بکات و رایانبکێشێتە ناو بزووتنەوەی کوردی؛ کە ئەمەش دوو هۆکار لە خۆی دەگرێت:

دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەسەڵاتێکە کە لە سەر هزر و بیروڕای شیعەگەری دامەزرا، ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ درووست بوونی خاڵێکی هاوبەش لە نێوان دەسەڵاتی شیعەو کوردی شیعە، هاوکاتیش لە گەڵ ئەمە، دەستپێکردنی شەڕی ٨ ساڵەی عێراق بوو لە گەڵ ئێراندا کە زۆربەی جۆگرافیای نیشتەجی بوونی کوردانی شیعەی لەبەر دەگرت، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی یان بەشێکیان ئاوارەی شارەکانی تر بن یان بەپێی حوکمی جۆگرافیا لە سنووری شەڕەکە بەشێکیان بەشداری ئەو شەڕە بن کە ئەمەش بووە هۆی دەرفەتێکی باش بۆ دەسەڵاتی ناوەندی کە بتوانێ خەڵکی ئەو ناوچە لەژێر دروشمی پاراستنی سەروماڵ و ناموس و ... زۆرتر بەرەو لای خۆی راکێشێت و خاڵی هاوبەشی شیعە بوونیان لەگەڵ ناوەندی ئێراندا بەهێز کاتەوە. لەلایکی ترەوە بوونی ئەم شەڕەش دەرفەتی بوون ‌و گەشەکردنی چالاکی تەشکیلاتی بەهێزە کوردییەکان لەو دەڤەرەدا کەم دەکردەوە. سەبارەت بەمەش ئەگەر رێژەی بەشداربووانی کرماشانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەبەرچاو بگرین زۆربەیان سوننە مەزهەب و یارسانی بوون، چونکە نە لە ڕوانگەی نەتەوەیی خاڵی هاوبەشیان لەگەڵ دەسەڵاتی ئێراندا هەبوو نە لە رووی مەزهەبیشەوە.

دووهەم هۆکار دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی پلانی گونجاو لەگەڵ بارودۆخی تایبەتی کرماشان لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران؛ هەرچەندە لەبەشی یەکەم لە رووی مەزهەبییەوە تاوتوێمان کرد، بەڵام ئەو ڕاستییەش دەبێ لە بەرچاوبگرین کە کۆمەڵگای کرماشان، کۆمەڵگایەکی بە تەواوەتی مەزهەبی نەبووە. ئێستاش ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە بۆ نەیانتوانی لە نێو ئەو کۆمەڵە کە بیروڕای مەزهەبی بەسەریاندا زاڵ نەبووە، کاریگەرییان هەبووبێت، یا ئەوەی بۆ نەیانتوانی لە هەلومەرجی کۆتاییەکانی دەسەڵاتی پە‌هلەوی و سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران و پێش سەقامگیری کۆماری ئیسلامی  کاریگەرییەکی ئەوتۆیان هەبێت؟

هەڵەی سەرەکی ئەوە بووە، کە هەر ئەو بەرنامە و پلانەیان بۆ ڕێکخستنی جەماوەری لە مەهاباد و سنە پەیڕەویان دەکرد، هەمان شتیش بۆ کرماشانیان پەیڕەو دەکرد. لێرەدا جیاوازییەکانی کۆمەڵگای ئەڕازمانی کرماشانیان لەبەرچاو بگرتایە، چون کرماشانی ١٩٧٩ کاریگەری زۆری سیاسەتی ئاسمیلاسیۆنی پێوە دیار بووە و دەسەڵاتی پەهلەوی هەوڵێکی زۆری بۆ ئاسمیلەکردن و تواندنەوەی شوناسی نەتەوەیی کرماشانی دابوو کە کاریگەری ئەو سیاسەتانە هۆکاری ئەوە بوون دوورکەوتنەوەیەک لە شوناسی کوردی بێتە ئاراوە و ئێرانچیەتی لە کرماشان زەق ببێتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە بەپێی چالاکی هێزە چەپەکان لە کرماشان تێڕوانینی کۆمۆنیزم و مائوئیزم و سۆسیال رادیکاڵ لە لای ژمارەیەک لە ڕۆشنبیرانی کرماشان پەسەند بووە کە ئەمانەش بە تەواوەتی دژی بیرۆکەی ناسیۆنالیزم بوونە.  ئەم هێزو لایەنانە بەو هزر و بیروڕایانەوە کە ئاماژەیان پێکرا لە کرماشان ڕۆڵیان بەرچاو بووە تا هەر هێزێکی کوردی کە ئەوەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ فەراهەم بوونی زەمینە وەک قبووڵ کردنی چوارچێوی فکرەیەکی ئێرانی و ئێراچیەتی کە لە مەودای دەسەڵاتداریە یەک لە دوای یەکەکان لەناو کرماشان جێی ‌خۆی کردبووەوە.

بەگشتی دەرەنجامی ئەم دوو خاڵە ئەمەمان پێدەڵێت کە سەرکردایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو قۆناغەدا دەرفەتی بۆ نەمێنێت، زۆرشتی ئەساسیی لە بەرچاو بگرێت. ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی حیزبی دێموکرات وەکوو تەنیا لایەنێکی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە گوفتمانێکی نەتەوەیی هەڵگرتبوو لە گرنگترین ناوچەی کوردستاندا و لە گرنگترین قۆناغی خەباتیدا ئەو پێگەی کە دەبوایە هەبێت بەدەستی نەهێنێت.

٢- بەهۆی ئەو بەربەست و کێشانەی کە باس کرا، پێشنەکەوتنی تەکنەلۆژیا و میدیا لەو سەردەمەش هۆکارێکی دیکە بوون کە نەیانتوانی بە ئاسانی پەیامی خۆیان بگەیننە ئەو بەشە لە جۆگرافیای کوردستان، کە لە بەر ئەم نەبوونەش دەبوایە کادر بوونی هەبوایە لە ناوخۆی کۆمەڵگا  .

دەرئەنجام

بە گشتی دەبێ ئەم راستییە لەبەرچاو بگرین کە لە ١٩٧٩-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەسایەتی کرماشانی بەشداری بزووتنەوەی کوردستانیان کردووە و حیزبی دێموکراتیش بەکردەوە هەوڵی ئەوەی داوە کە بزووتنەوەی کوردی ببەستێتەوە بە شاری کرماشان، بەڵام لەم ماوەیەدا نەیانتوانی جووڵەیەکی نەتەوایەتی بەرێکخستنکراو لە کرماشان درووست بکەن؛ دەبوایە هێزە کوردییەکان فەلسەفەی زاراوەیی و فەرهەنگی سیاسی تایبەت بە بارودۆخی کرماشانییان لە بەرچاو بگرتایە کە لە کامیاران بەرەو خوارەوە دەست پێدەکات و بەرنامەیەکی گونجاویان بۆ وریایی نەتەوەیی و سڕینەوەی ئاسەواری تەفریسێیان دابنایە کە ئەوەش پێویستی بە دەرفەتێکی زۆر بووە و بەپێی هەلۆمەرجی ئەوکات لە نەبوونی ئامرازی پێویست تا شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق لەو سنوورە و تێرۆری سەرکردەکان و لاواز بوونی بزووتنەوەی کوردی و کەمکاری بەشێک لەو کرماشانیانە کە بەشداری بزووتنەوەیان کردبوو، دەتوانن هۆکارێک بن کە لەو سەردەمە بزووتنەوەی کوردی نەیتوانی بە گشتی چالاکیەکانی هەموو جۆگرافیای پارێزگای کرماشان لەخۆ بگرتایە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.