کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلژیک/ بەشداریی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە کۆنفرانسی \"مافی کەمینەی ژنان\" لە پارلەمانی ئورووپا

20:59 - 18 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: جەمیل فەتحی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بلژیک لە کۆنفرانسی پارلمانی ئورووپا لە پەیوەندیی لەگەڵ مافی کەمینەی ژنان لە دۆزەخی ئەتیۆپی بەشداریی کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٥ رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، جەمیل فەتحی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە بلژیک لە کۆنفرانسی مافی کەمینەی ژنان لە دۆزەخی ئەتیۆپی کە لەلایەن رێکخراوی یو.ئێن. پی. ئۆ و چەند پارلەمانتارێکی پارلمانی ئورووپا، سەر بە فراکسیۆنی سۆسیالیست – دێموکرات، رێکخرابوو؛ بەشداری کرد.

کۆنفرانسەکە لەلایەن بەرپرسی گەلانی بێدەوڵەت دەستی بە کار کرد و ناوبراو لە وتەکانیدا وێڕای باسێکی کورت سەبارەت بە توند و تیژی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر پێویستیی گرتنی کۆنفرانسی پێشێلکاری مافی مرۆڤ و دۆزینەوەی رێگا چارە و میکانیزمێک بۆ بەرەوڕوو بوونەوەی لەگەڵ ئەم دیاردەیە و سەدەی بیست و یەکدا.

پاشان ئانا خۆمیس پارلەمانتاری سەر بە سۆسیالیست و دێموکراتەکان رەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی یەکیەتی ئورووپا گرت و لەهەمبەر بارودۆخی مافی مرۆڤ و بێدەنگی یەکیەتی ئورووپا سەبارەت بەم بابەتە، وتی بە دڵنیاییەوە ئەڵێم کە یەکیەتیی ئورووپا هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێکی دژ بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ئافریقا بە تایبەت لە ئەتیۆپیا هەڵنەگرتووە.

هەروەها، باسی رۆڵی هەندێک وڵاتی زلهێزی کرد کە بوونیان هەیە لە ناوچەکەدا و وتی کە ئەو وڵاتانە، بۆ نموونە چین، خۆیان پێشێلکاری مافی مرۆڤن.

لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسەکەدا، چەند رۆژنامەنووس و نووسەر و چەند کەسێک کە خۆیان قوربانی بوون و لەگەڵ توند و تیژی و ئەشکەنجە بەرەوروو ببونەوە، باسیان لە سەر خراپی و پێشێلکاری مافی مرۆڤ کرد و لە کۆی گشتی باسەکان زیاتر تیشک خرایە سەر دەسترێژی جنسی بۆ سەر ژنان و کچان و ئەشکەنجەدانی ژنان لە زیندانەکاندا.

لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا لەگەڵ ئانا خۆمیس و مارینۆ بۆسداچین بەرپرسی یو.ئێن.پی.ئۆ باس لە سەر نالەبار بوونی دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ئێران و بە تایبەت کورد کرا و ئەوان سەرەڕای خۆشحاڵی دەربڕین لەو چاوپێکەوتنە لەگەڵ نوێنەری حیزبی دێموکرات، لە سەر درێژەی پەیوەندییەکانی هەر دوو لایەن جەختییان کرد.

کۆنفرانسەکە پاش نمایش کردنی فیلمێکی تایبەت بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە جیهاندا کۆتایی پێهات.

کازیوە.ر