کوردستان میدیا: دەوڵەتی ئامریکا لە هەوڵدایە هەناردەکردنی نەوتی ئێران کەم بکاتەوە و تورکیەش بە دوای هاوردەکردنی نەوتی زۆرتر لە عێراقە.
بەپێی هەواڵی هەندێک سەرچاوەی ئاگادار کە نەیانویستووە ناویان بڵاو ببێتەوە، تورکیە دەتوانێت لە ڕێگەی بەسرە لە باشووری عێراق و لە ڕێگەی دوو هێڵی نەوتییەوە، نەوتی پێویستی خۆی بۆ تێرمیناڵی جەیحان لە کەنارەکانی دەریای نێوەڕاست بنێرێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم باسانەدا، "مەولوود چاوش ئۆغڵو"، وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیە، کە سەردانی عێراقی کردووە، ڕۆژی دووشەممە لە هەولێردا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە. ناوبراو هەروەها ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی لە بەغداد و بەسرەدا دانوستانی کرد.
ئامریکا لە کاتی بەڕێوەبردنی گەمارۆوە نەوتییەکان، مۆڵەتی شەش مانگەی بە هەشت وڵات بۆ کڕینی نەوتی ئێرانی دابوو و ئێستا ئەم مۆڵەت و لێخۆشبوونە نوێ ناکاتەوە و خۆی لەو کارە دەبوێرێت.
گرنگترین کڕیارانی نەوتی ئێران کە لەو مۆڵەتە شەش مانگە کەڵکیان وەرگرتووە: چین، هیندوستان، تورکیە، کورەی باشوور و ژاپۆن بوون.
کۆمپانیای دەوڵەتیی "توپراش"، تەنیا کڕیاری نەوتی ئێران لە تورکیەیە و دوای مۆڵەتی ئامریکا بۆ ماوە شەش مانگ، نزیکەی ٩٠ هەزار بەرمیل نەوتی لە ئێران هاوردە کردووە. ئەم ڕێژەیە لە چاو پێش گەمارۆوەکان ٥٠ لەسەد بووە.