کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلیتی فڕۆکە لە ئێراندا گران بووە

12:09 - 18 رەزبەر 2720

ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی ڕێژیمی ئێران نرخنامەی نوێی بڵاو کردووەتەوە کە لانیکەم و لانیزۆری نرخەکانی سەفەرە نێوخۆییەکانی دیاری کردووە.

"مەقسوود ئەسعەدیی سامانی"، بەرپرسی ئەنجومەنی شyرکەتە فڕۆکەوانییەکان ڕایگەیاندووە هەڵکشانی نرخی بلیتی فڕۆکە بە لەبەرچاوگرتنی ٢ هۆکاری فرۆشتنی ٦٠ لەسەدی دەفرایەتیی هەر فڕینێک و هەڵکشان و داکشانی دراو ئەنجام دەدرێت.

ناوبراو بۆ شیکاریی زیاتر لەسەر ئەو بابەتە وتوویەتی کە ستادی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ کۆرۆنا بە ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی ڕاگەیاندووە بۆ پێشگرتن لە تەشەنەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا شیرکەتە فڕۆکەوانییەکان دەبێ تەنیا ٦٠ لەسەدی دەفرایەتیی هەر فڕینێکیان بفرۆشن.

لەلایەکی دیکەشەوە بە وتەی "ئەسعەدیی سامان" پێشتر بلیتەکان بەپێی دۆلاری ١١ هەزار تمەنی دەفرۆشرا بەڵام لە ئێستادا بەپێی دۆلاری ٢٧ و ٢٨ هەزار تمەنی دەفرۆشرێت و بانکی ناوەندیش لە ساڵی ڕابردووەوە دۆلاری نیمایی بە شێرکەتە فڕۆکەوانییەکان نەداوە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوەش کردووە کە پارچەکانی فڕۆکە دەبێ لە دەرەوەی وڵات دابین بکەن و بەهۆی پێنەدانی دراو دەبێ دراو لە بازاڕی ئازاددا دابین بکەن.

گرانبوونی نرخی بلیتی فڕۆکەکان نیشان دەدات کە گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا لەسەر ڕێژیمی ئێران وای کردووه کە ڕێژیم دەیهەوێت کەمیی داهاتی فڕۆکەوانیی خۆی لەسەر گیرفانی خەڵک قەرەبوو بکاتەوە.