کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلینکێن: سەبارەت بە ئاکامگەیشتنی وتووێژەکانی بەرجام زۆر گەشبین نیم

12:39 - 18 خاکەلێوه 2722

''ئانتۆنی بلینکین'' وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی خاکەلێوە وتوویەتی سەبارەت بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بۆ زیندووکردنەوەی بەرجام زۆر گەشبین نییە.

ناوبراو لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی ''ئێن، بی، سی'' لەبارەی پرسیارێک لەسەر سپای پاسداران وتوویەتی: " ئەو ڕێکخراوە بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی دەزانێت".

وەزیری دەرەوەی ئامریکا وتوویەتی: ''سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانەی کە ئەنجاممان داوە بە داهاتووی وتووێژەکانی بەرجام کە بە ئاکام بگات، زۆر گەشبین نیم و لە ڕاستیدا لەسەر ئەو باوەڕەم کە ئەو ڕێککەوتنە بۆ ئەمنییەتی ئێمە باشترە ... دەبێ بزانین کە ئایا دەتوانیین بە کۆتایی بگەیەنین''.

لەو پەیوەندییەدا ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاندووە: ''ئێران هەموو دام و دەزگاکانی دروستکردنی پارچەکانی سانتریفیوژی خۆی لە دامەزراوەی کەرج بۆ دامەزراوەیەکی گەورەتر لە نەتەنز ڕاگواستووە".

ڕاگواستنی ئەو کەرستانە لە حاڵێکدا ڕادەگەیەندرێت کە ئێران تەنیا شەش حەوتوو لەمەوپێش، باسی لە وەگەڕخستنی دامەزاوەیەکی دیکە لە ئیسفەهان بۆ دروستکردنی ئەو کەرەستانە کردبوو.

شیرکەتی تێکنۆلۆژیی سانتریفیوژی ئێران (تێسا) کە لە کەرج هەڵکەوتووە، سەرەتای مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو کرایە ئامانجی هێرش، کە ئێران ئەو هێرشەی خستە ئەستۆی ئیسرائیل.

لەلایەکی دیکەوە سەرپەرەستی نوێنەرایەتیی هەمیشەیی ڕێژیمی ئێران لە ڕێکخراوە نێونەتەوەیییەکان لە ڤییەن وتوویەتی کە کامێراکانی چاوەدەێری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە مانگی ڕێبەندانەوە لە دامەزراوەی نوێی بەرهەمهێنانی پارچەکانی سانتریڤیوژ لە ئیسفەهان دامەزراون، بەڵام ئێران زانیارییەکانی ئەو کامێرایانە هەتا بەئەنجام گەیشتنی بەرجام ڕادەستی ئاژانس نادات.