کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلینکێن: ناتوانین گەرەنتیی مانەوە لە بەرجامدا بدەین

12:12 - 30 بەفرانبار 2721

وەزیری دەرەوەی ئامریکا باسی کردووە یەکێک لە بابەتەکان کە ڕێژیمی ئێران لە وتووێژەکانی ڤییەن داوای کردووە کە ئامریکا مانەوەی خۆی لە بەرجامدا گەرەنتی بکات، بەڵام لە سیستمی سیاسی ئامریکا دەوڵەت ناتوانێت وەها گەرەنتییەکی خێرا و قایم بدات.

"بلینکێن'' ڕۆژی چوارشممە ٢٩ی بەفرانبار لە وتووێژێکدا لەگەڵ ''کروکێد میدیا''ی ئامریکا وتوویەتی: ''جۆ بایدن سەرکۆماری ئامریکا بە جیدییەوە ڕایگەیاندووە هاتا کاتێک کە لە پۆستی سەرکۆماریدا بێت، پێبەندی بەرجام دەبێت، بەڵام ناتوانێت بۆ دەوڵەتەکانی داهاتووی ئامریکا وەها بەڵێنییەک بدات''.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا پشتیوانی لە بەرجام کردووە وتوویەتی لە سەردەمی بەرجامدا، ڕێژیمی ئێران بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە مەوادی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمبی ناوکی یەک ساڵی کات هەبوو، بەڵام ئێستا ئەو کاتە بۆ چەند حەوتوو دابەزیوە.

لە حاڵێکدا کە وتووێژەکان بۆ ژیاندنەوەی بەرجام لە ڤییەن درێژەیان هەیە، بەرپرسێکی باڵای ئامریکا وتوویەتی بۆ بەئاکام گەیشتنی وتوویژەکان، ڕێژیمی ئێران یان دەبێت خێرایی بە دیلپۆماسی بدات یان بەرنامەی ناوکی خۆی ڕابگرێت.

بەرپرسانی ئامریکا پیشتر باسیان لەوە کردووە کە ئەگەر وتووێژەکانی ڤییەن بە ئاکامێک نەگات، ئامریکا بژاردەی دیکە بۆ ڕاگرتنی چالاکی ناوکیی ڕێژیمی ئێران دەگرێتە بەر.

سێناتۆر "تێد کروز" یەکێک لە سێناتۆرەکانی کۆماریخوازی ئامریکا وتوویەتی ئەگەر لە سێنادا بتوانین زۆرینەی دەنگەکان بە دەست بێنین بەرجام دەدڕێنین.

ئەو قسانەی تێد کروز هۆشدارییەکە بە دەوڵەتی بایدن کە لەخۆڕایی بەڵێنی بە ئێران نەدات.