کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلینکێن: کاتی کشانەوەی ئێمە لە وتووێژەکانی ڤییەن نزیکە

17:32 - 5 پووشپەڕ 2721

بە درێژەدانی کێشە بەربڵاوەکانی نێوان ئامریکا و ڕێژیمی ئێران لەبارەی بەرنامەی ناوکیی تاران، ''ئانتۆنی بلینکێن'' وەزیری دەرەوەی ئامریکا باسی لە ئەگەری هاتنەدەری وڵاتەکەی لە وتووێژەکانی ناوکیی ڤییەن کردووە.

''بلینکێن'' لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ''نیۆیۆرک تایمز'' کشانەوەی ئامریکای لە وتووێژەکانی  ڤییەن زۆر بە نزیک زانیوە و وتوویەتی:  ''ئەگەر ڕێژیمی ئێران بەرنامەی ناوکییەکەی پەرە پێ بدات، بە زوویی دەگەینە خاڵێک کە ئیتر کۆنترۆڵ ناکرێت''.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە بەربەستەکانی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکی وتوویەتی: "ئەگەر ئەوان بە ئاڵوگۆڕی سانتریفیوژی پێشکەوتوو و ئاستی سەرتر درێژە بدەن، بەو خاڵە دەگەین کە بە شێوەی کردەیی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکی زۆر دژوار دەبێت''.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا لەبارەی کاتی ئەگەری کشانەوەی ئامریکا لە وتووێژەکانی ناوکی وتوویەتی: ''ناتوانم کاتێکی بۆ دیاری بکەم، بەڵام  کاتەکەی هەروا نزیک دەبێتەوە''.

ناوبراو جەختی کردەوە کە پێشگیری لە دەستپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی ئامریکا دایە.