کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنکە نیزامییەکانی ڕێژیم تووشی قەیرانی ئابووری بوونە

11:27 - 17 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: بنکە و ناوەندە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، به هۆی کێشەی ماڵی، مووچەی سەربازەکانیان نادەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە پادگانەکانی ڕێژیمی ئێراندا مووچە بە سەربازان نادەن و بە فەرمی بە سەربازەکانیان ڕاگەیاندووە، سەربازانی خوجێی بۆ نانخواردن بڕۆنەوە ماڵی خۆیان، چونکە ئەوەش یارمەتییەکی باشە بۆ سەربازخانە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، باسی لەوەش کرد، بەرپرسانی پادگانەکان لە مەهاباد بە فەرمی بە سەربازەکانیان ڕاگەیاندووە، کە بڕۆنەوە ماڵی خۆیان و مووچەشیان پێ نادەن.

کێشەی ماڵی و دارایی لە بنکە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران، ئەمساڵ زیاتر خۆی دەرخستووە و تەنانەت لە بوودجەی نیزامیی ڕێژیم، بۆ ساڵی ٩٨ی هەتاوی، بوودجەی ئەرتەش کەم کرایەوە و خراوەتە سەر بوودجەی سپای تێرۆریستی پاسداران.

بوودجەی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران، لە ١١ هەزار میلیارد تمەنەوە بۆ ١٠ هەزار و ٢٠٠میلیارد تمەن کەم کراوەتەوە، بەم شێوەیە بوودجەی ئەرتەش بە نزیکەی ٨ لەسەد کەمی کردووە.