کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنکە و ناوەندە نیزامییەکانی ڕێژیم باندی دزی پێک دێنن

09:38 - 1 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: لە شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بنکە و ناوەندە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، باندی تاڵان و دزیکردنیان پێک هێناوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، پاسگای دارەلەک بە هاوکاریی هێندیک کەسی خۆجێی ناوچەکە، باندێکی دزی و تاڵانیان پێک هێناوە و سەروەت و دارایی خەڵک دەدزن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە وتووێژێکدا باسی لەوە کرد، هەتا ئێستا پاسگای دارەلەک و ئەو کەسە خۆجێیانە، چەندێن جار بە شەو، هەوڵیان داوە دزی لە مەڕدارەکانی گۆندەکانی "خۆڕخۆڕە و گردی یاقووب و چەند شۆێنی دیکە بکەن؛ بەڵام لەگەڵ خاوەن مەڕدارەکان پێیان زانیون و لەگەڵیان بەرەوڕوو بوونەتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە شارەکانی شنۆ و ورمێ چەندین جار هێرشیان کرده سەر هەوارگەی مەڕداران و بە زۆری مەڕ و ماڵاتی، مەڕدارانیان لەگەڵ خۆیان برد.

هاوکات، کە خەڵک بەدواداچوون بۆ وەرگرتنەوەی مەڕ ماڵاتەکانیان دەکەن؛ کاربەدەستان ڕێژیمی ئێران داوای چەندین میلیۆن پارەیان لێ دەکەن یا پێیان نادەنەوە.

مەڕداران و ئاژەڵدارانی کوردستان لەوباوەڕە دان ئەوە کاری چەکدارانی ڕێژیمی ئێران پلانێکە بۆ برسی کردنی خەڵک و پاساوێکی دیکەیه بۆ میلیتاریزەکردنی زیاتری ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان.